زەریف: 60%ی بەشداربووان لە کابینەکەی پزیشکیان تەمەنیان لە 55 ساڵ کەمتر دەبێت

محەمەد جەواد زەریف، سەرپەرشتیاری لیژنەی پێکهێنانی کابینەکەی پزیشکیان رایگەیاند، 450 کەس هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکان و ئەو کەسانە دەکەن، کە دەیانەوێت بەشداری لە کابینەکەی پزیشکیان بکەن.
راشیگەیاند، کەسانی ئەکادیمی، ژنان، کەمینەکان و گەنجان لە لیژنەکاندان.
جەواد زەریف، وزەیری پێشووتری دەرەوەی ئێران و سەرپەرشتیاری لیژنەی پێکهێنانی کابینەکەی پزیشکیان رایگەیاند، ژمارەیەک دەستە و لیژنەی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانە دروستکراون، کە دەیانەوێت بەشداری لە کابینەکەی پزیشکیاندا بکەن.
راشیگەیاندووە، هەر لیژنەیەک بەلانیکەمەوە لە 12 کەس پێکهاتووە، کە دوو کەسیان دەستەبژێری ئەکادیمین، دوو کەسی دیکەیان پسپۆڕن لە دەرەوەی زانکۆکان، کەسێکان لە بەرەی ریفۆرمخوازەکانە، دوو کەسیش لە رێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانن و کەسێکش بە نوێنەرایەتیی کەرتی تایبەت ئەندامی لیژنەکانن.
زەریف باسی لەوەشکرد، بەلانیکەمەوە لە هەر لیژنەیەکدا یەک ژن هەیە و لە هەموو لیژنەکانیشدا یەک کەس لە کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشدارییانکردووە.
بەگوتەی زەریف، هەموو سەرپەرشتیارانی لیژنەکان گەنجانی خوار تەمەن 40 ساڵن و زۆربەشیان تەمەنیان لە 30 ساڵ کەمترە. بڕیاریشە 60%ی ئەو کەسانەی پێشنیاز دەکرێن بۆ بەشداری لە کابینەکەی پزیشکیاندا، تەمەنیان لە 55 ساڵ کەمتر بێت و 60%یشیان لەو کەسان بن، بۆ یەکەمجارە بەشداری لە کابینەکەدا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گشتی ئەو کەسانەی لە لیژنەکاندان و کار بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان و پێشنیازەکان دەکەن، 450 کەسن".
لە دوای سەرکەوتنی پزیشکیان وەک تاکە نوێنەری بەرەی ریفۆرمخوازانی ناوخۆی ئێران، پزیشیکان جەواد زەریفی راسپارد بۆ سەرپەرشتیکردنی لیژنەی پێکهێنانی کابینەکەی.
16/07/2024