شیرین داوای لێبووردن لە هەوادارەکانی دەکات

لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە، شیرین عەبدولوەهاب خانمە هونەرمەندی میسری داوای لێبووردنی لە هەواداران و گوێگرانی لە لوبنان کرد کە بلیتیان کڕی بوو بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگێکدا کە وابڕیاربوو لە رۆژی 20ـی ئەم مانگەدا لە بەیرووت بەڕێوەبچێت.
داوایلێبووردنەکەی شیرین عەبدولوەهاب لەڕێگەی راگەیەندراوێکەوە بوو کە کۆمپنیای رێکخەری ئاهەنگەکە بڵاویکردبووەوە، دوای ئەوەی رایگەیاند کە ئاهەنگەکەی شیرین لە بەیرووت هەڵوەشاوەتەوە، وەک ماڵپەڕی "" لە هەواڵێکدا ئاماژەی پێکردوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرایکردووە، داوای لێبووردن لە هەموو هەوادار و گوێگرانی شیرین دەکات لە لوبنان کە بلیتیان کڕیبوو بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگەکەیدا، بەهیوان کە لە هۆکاری هەڵوەشانەوەی ئاهەنگەکە تێبگەن، پەیمانیشی داوە کە ئاهەنگەکە ساز بکاتەوە دوای ئەوەی ئەو شتانە کۆتایی دێن کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵیدایە.
هەروەها کۆمپانیاکە ئاشکرایکردوە، ئیمەیڵ بۆ هەموو ئەوانە دەنێرێت کە بلیتەکەیان کڕیوە، تاوەکو پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، سوپاسی تێگەیشتنیشی کردوون.
لە پێشووتریشدا، د. نەبیل عەبدولمەقسوور ئەو پسپۆڕەی کە چارەسەری شیرین عەبدولوەهابی گۆرانیبێژ دەکات، دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو خانمە هونەرمەندەوە ئاشکراکردووە، دوای کۆتا گرفت کە ئەو خانمە هونەرمەندە تووشی بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆخی تەندروستی رۆژ لەدوای رۆژ باشتر دەبێت و بەم نزیکانە دەگەڕێتەوە بۆلای هەوادارەکانی.
لە چەند رۆژی رابردوودا خانمە هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب سکاڵای دژ بە حوسام حەبیبی هاوسەری پێشووی تۆمارکرد، بە تۆمەتی ئەوەی کە لە ناو ماڵەکەیاندا لێیداوە، دوای دەرچوونیشی لە نەخۆشخانە چووە بەردەم داواکاری گشتی و وتەی خۆی پێشکەش کرد.
16/07/2024