رۆژنامەیەکى ئەمریکى: ئيسرائيل هەشت بۆمبی گەورەی بۆ لەناوبردنی محەمەد زەيف بەکارهێناوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هەشت بۆمبی لە هەوڵی تیرۆرکردنی محەمەد زەيف، سەرۆکی لیواکانی عیزەدین قەسام بەکارهێناوە، کە هەریەکەیان نزیکەی تۆنێک بووە.

رۆژنامەکە لە زاری کەسانی ئاگادار لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسيۆنەوە نووسيويەتی، کاتێک بەگوێرەی زانیاری هەواڵگری دەرکەوتووە کە ئامانجەکە لە باشووری غەززە ئامادە بووە، ئیسرائیل بە هەشت بۆمبی گەورە کەمپی ئەلمەواسی لە خان يونس کردووەتە ئامانج.

دوو شارەزای بواری چەک بە ئاژانسی فرانس پرێسيان راگەیاندووە، لە گرتە ڤيديۆييەکاندا پاشماوەی بۆمبە بەجێماوەکان لە شوێنی بۆردوومانەکەدا دەرکەوتووە، کە جۆرە سیستمێکی ئەمریکییە. 

ئەم تەقەمەنییە سیستەمی جێگیرکردنی جیهانی (GPS) بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی بۆمبە تەقلیدییەکان بۆ تەقەمەنی زیرەک کە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت بۆ لێدانی یەک یان چەند ئامانجێک بەکاربێت.

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە هەڵمەتەکە زەيف و رافی سەلامەی جێگری، کردووەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چارەنووسی زەيف نازانێت، بزووتنەوەی حەماسيش رەتيدەکاتەوە زەيف لە هێرشەکەی رۆژی شەممەدا کوژرابێت.