هێزەکانى 70: ئەگەر بەغداد راستەوخۆ لیستى مووچەمان لێوەربگرێت ئامادەکاریی تەواومان کردووە

هێزەکانى 70 ئاشکرایکرد، لەناو هێزەکانیان هیچ ناوێک بوونی نییە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بێت جگە لە عێراقى، خۆشحاڵى خۆشى بە دابەشکردنى دوو مووچە راگەیاند و جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەگەر بەغداد راستەوخۆ لیستى مووچەیان لێوەربگرێت، ئامادەکاریى تەواویان کردووە.
فەرماندەیى هێزەکانى 70 لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەکو شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر ئەرکەکانیان لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق، مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی وڵاتدا.
روونیشکراوەتەوە، هیوادارن لەمەودوا هیچ ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پرۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق، بەم بۆنەیەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنن لەناو هێزەکانی فەرماندەییان هیچ ناوێک بوونی نییە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بێت، جگە لە رەگەزنامەی عێراقی.
هێزەکانى 70 باسى لەوەشکردووە، "یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەترییان بۆ ئەنجامدراوە".
جەخت لەوەشکراوەتەوە، روون و رەوان رایدەگەیەنن کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەمووزە ئامادەیی تەواویان هەیە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانیان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستەوە پێشکەشبکەن، چیتر ئامادەنین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناڕوونی زانیاری و داتاگەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانیانەوە نییە.
هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانیان لێوەربگرێت، ئامادەکاریی تەواویان کردووە و گومانیان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانیان نییە.
17/07/2024