زۆرینەی دیموکراتەکان داوا لە بایدن دەکەن لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکشێتەوە

بەگوێرەى ئەنجامی دوایین راپرسی، دوو لەسەر سێی دیموکراتەکانی داوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن.
راپرسییەکە لەلایەن سەنتەری "AP-NORC"ەوە ئەنجامدراوە و بۆ پێش رووداوی تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، بەگوێرەى ئەنجامی راپرسییەکە، 65%ـى دیموکراتەکان بەپێویستی دەزانن بایدن بکشێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی حەوت کەس لە کۆی 10 کەسی پێگەیشتووی دیموکراتەکان، بۆچوونیان وایە پێویستە بایدن پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان جێبهێڵێت و هەر بەگوێرەى راپرسییەکە 50%ـى دیموکراتەکان، دڵنیانین لەوەی توانا هزرییەکانی بایدن رێگە دەدات کارەکانی وەکو سەرۆکی ئەمریکا رابپەڕێنێت.
جۆ بایدنی 81 ساڵ، بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەڵام بەهۆى تێکەڵکردنی وشە و لەبیرکردنی ناوی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان و هەڵەی زمانەوانی، تووشی رەخنەی گەورە بووەتەوە.
17/07/2024