رێکخراوێکی منداڵپارێز: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 6400 منداڵی کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان

رێکخراوی "سەیڤ زە چڵدرن" بڵاویکردەوە، لەنێوان مانگی کانوونی یەکەمى ساڵى رابردوو تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زیاتر لە شەش هەزار و 400 منداڵی کۆچبەر گەیشتووەتە وڵاتی یۆنان.
ئەو رێکخراوە ناحکومییە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پێنج هەزار و 580 منداڵیان لە دەریا ئیجەوە هاتوون، 830 منداڵی دیکەیان بە رێگای وشکانی نێوان تورکیا و یۆنانەوە گەیشتوونەتە یۆنان.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەر چوار منداڵ، منداڵێکیان بێ ئەوەی هیچ کام لە دایک و باوکی لەگەڵدا بێت گەیشتووەتە یۆنان، ژمارەکەش سێ هیندە زیادی کردووە لە چاو ساڵی 2023دا.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەی ئەو رێکخراوەی تایبەت بە هاریکاریی منداڵان ئاشکرایکردووە، بارودۆخی مێردمنداڵەکان زۆر خراپە چونکە کەسیان لەگەڵدا نییە بتوانێت جلوبەرگ و پێڵاو و تەنانەت مۆبایلێکیان بۆ دابین بکات، لە کاتى راگرتنیان لە کامپەکانی دەستبەسەرکردن. بەڕێوەبەری رێکخراوی "سەیڤ زە چڵدرن" راشیگەیاندووە، ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەی دەگەنە یۆنان، وەکو منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، داواش لەو ولاتە دەگات باشتر بیانپارێزێت و دۆخی ژیان و گوزەرانیان باشتر بکات.
17/07/2024