ریال مەدرید گرێبەستی لۆکا مۆدریچی نوێکردەوە

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لۆکا مۆدریچی کرواتی ئەستێرەی هێلی ناوەڕاستی یانەکەی بۆ وەرزێکی دیکە و تاوەکو هاوینی 2025 نوێکردەوە.

ئەستێرە کرواتییەکە بۆ 13 یەمین وەرز لەگەڵ یانەی شاهانە بەردەوام دەبێت و سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو بەشێوەکی سەرەکی بەشداری یارییەکانی یانەکەی نەکرد، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەبۆنەی وازهێنانی تۆنی کروسەوە، لە وەرزی نوێ رۆڵێکی گەورەی لەپێکهاتەی ریال مەدرید هەبێت.

ئەو یاریزانە 38 ساڵە، لە هاوینی 2012 لە یانەی تۆتنهامەوە روویکردە یانەی شاهانە و تاوەکو ئێستا 26 ناسناوی بەدەستهێناوە، کە یەکەم یاریزانە زۆرترین ناسناوی لەمێژووی یانەکەدا بەدەستهێناوە.

مۆدریچ 534 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە و 39 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ کرواتیاش خاوەنی ژمارەی پێوانەییە بەئەنجامدانی 178 یاریی نێودەوڵەتی.