کۆمیدیای ئەمریکی ماڵئاوایی لە "بۆب نیوهارت" کرد

ئەمڕۆ ئەکتەری کۆمیدی ئەمریکی، بۆب نیوهارت کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەستێرەکانی تەلەفیزیۆن لە سەردەمی خۆیدا، لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "فۆکس 44" جێری دینی، بەرێوەبەری راگەیاندنی نیوهارت رایگەیاندووە، بۆب نیوهارت، دوای ماوەیەک لە ناڵاندنی بەدەست نەخۆشییەوە، لە تەمەنی 94 ساڵیدا لە لۆس ئەینجلس کۆچی دوایی کردووە.

ئەو ئەکتەرە لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە کاری کۆمیدیا کردووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی 1960ـەوە لەگەڵ پێشكەشکردنی بەرنامەیەکدا کە بەناوی خۆیەوە بووە بەناوبانگ بووە و خەڵاتی گرامیشی بەهۆیەوە وەرگرتووە.

لەگەڵ "نمایشی بۆب نیوهارت" چووەتە جیهانی نواندنەوە، ئەوەش لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دوای یەک وەرز لە نمایشکردنی وەستێنرا، وێڕای ئەوەی ماوەکەی کەمبوو چەندین خەڵاتی پێبەخشرا. ئەو ئەکتەرە کۆمیدییە ناچار بوو 10 ساڵ بوەستێت تاوەکو جارێکی دیکە ئەو نمایشەی دەستپێبکاتەوە.

دواتر ئەو ئەکتەرە نمایشێکی دیکەی دەستپێکرد، کە ناوی "نیوهارت" بوو، ئەویش سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا، بۆماوەی هەشت وەرز لە تۆڕی (سی بی ئێس)ـدا بەردەوام بوو.

بەدرێژایی گەشتە هونەرییەکەشی، نیوهارت لە چەندین درامای تەلەفیزیۆنی و فیلمدا رۆڵی بینیوە.