نێتفلێکس پلانی کارکردنی دەگۆڕێت

نێتفلێکس بەردەوامە لە راکێشانی ملیۆنان بەشداربووی نوێ لە سەرەنسەری جیهاندا، ئەمە وایکردووە ئامانجی کۆمپانیاکە بگۆڕێت، لەجیاتی راکێشانی زۆرترین بەشداربوو، ئامانجەکەی ببێت بە زیادکردنی ئەو کاتەی بەشداربوو بە سەیرکردنی پلاتفۆڕمەکە بەسەری دەبات.

ئاژانسی فرانس پرێس لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەی بەشداربووانی "نێتفلێکس" بۆ زیاتر لە 277 ملیۆن لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی کە زیاتر لە هەشت ملیۆن بەشداربووی نوێ لە چارەکی دووەمی ئەمساڵەوە بەشدارییان تێدا کردووە، بەمەش ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوی بەدەستهێناوە.

هەروەها بەشداربووانی ریکلامەکانی نێتفلێکس بە رێژەی لە سەدا 34 بەرزبووەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو. لەگەڵ ئەمانەشدا داهاتی کۆمپانیاکە بووە بە 9.56 ملیار دۆلار، قازانجە تەواوەکەشی گەیشتووەتە 2.15 ملیار دۆلار.

بەڵام لە ساڵی 2025ـەوە، نێتفلێکس چیتر سێ مانگ جارێک ژمارەی بینەرەکانی بڵاوناکاتەوە، بەڵکو سەرنج دەخاتە سەر قەبارەی "کاریگەری" بینەرەکانی، (واتە ئەو کاتەی کە بینەر بە سەیرکردنی دیمەنەکانی پلاتفۆڕمەکە بەسەری دەبات).

لەوبارەیەشەوە، ئەو پلاتفۆڕمە روونیکردووەتەوە، "کاتی تەماشاکردنی دیمەنەکان کلیلی سەرکەوتنی نێتفلێکسن، بە باشترین پێوانەش دادەنرێت بۆئەوەی بزانرێت بینەران تا چەند چێژ لە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکە وەردەگرن".

ئاماژە بەوەشدراوە، "کاتێک خەڵک زیاتر سەیری بکەن، زیاتر تێیدا دەمێننەوە، زیاتریش قسە لەبارەی نێتفلێکسەوە دەکەن، ئەمەش وادەکات بەشداربووی نوێ بەدەستبهێنین، کە بەهای زیاتر بۆ خزمەتگوزارییەکانمان زیاد دەکەن".