هەپەگە و تورکیا ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاوکردەوە

تورکیا رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پێنج ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانیان کوشتووە و هەپەگەش دەڵێت، کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیایان کردووەتە ئامانج و سەربازێک بە سەختی برینداربووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی گارە و ئۆپراسیۆنی چنگ-قفل لە هەرێمی کوردستان، پێنج ئەندامی ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە كە ئۆپراسیۆنەکانی بە فڕۆکەی جەنگیی ئەنجامداوە.
لەبەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە"، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 18ـی تەمووز کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا کە کەلوپەل و سەربازانی بۆ سەرگەلێ دەگواستەوە، کراوەتە ئامانج و دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری کیرپی و دوو بارهەڵگریش تێکشکێندراون.
سوپای تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە هێزی هێناوەتە ناوچەی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی دامەزراندووە و جارجاریش خاڵی پشکنینی کاتیی لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون دادەنێت.
19/07/2024