وەزارەتی بازرگانیی عێراق: سبەی 20ـی تەمووز دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8
دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8

وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە فەرمى بە وەزارەتى بازرگانى هەرێمى کوردستانیان راگەیاندووە، سبەی شەممە 20ـی تەممووز، دوا کاتە بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان و ماوەکە درێژناکرێتەوە.

نەسرین عەلى، بەرێوەبەرى سایلۆى سلێمانى بە کەناڵ8ـی گوت، "نووسراوى فەرمیان بۆ هاتووە کە رۆژى شەممە 20ـی تەممووز دوا کاتە بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیاران و کاتەکە درێژناکرێتەوە".

بەگوێرەى رێککەوتنى وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى و کشتوکاڵى عێراق، بڕى 700 هەزار تۆن گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت کە بۆ هەر تۆنێک بڕى 850 هەزار دینار دیاریکراوە.

هاوکات، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ى گوت، "بۆ گەنمى پلە یەک 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار دەدرێتە جووتیاران".

هێشتا کەمتر 20%ـی شایستەى گەنمى جووتیاران، لەلایەن حکومەتى عێراق رەوانەى هەرێمى کوردستان کراوە، کە بڕەکەى 70 ملیار دینارە لە کۆى نزیکەى 580 ملیار دینار.