جۆ بایدن رەتیکردەوە لە بەربژێربوون بکشێتەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سووربوونى خۆى بۆ بەربژێربوون بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دووپاتکردەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەناو پارتی دیموکراتەکەیدا دژی بەربژێربوونى.
بایدنى تەمەن 81 ساڵ، لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی دێلاوێر، کە چارەسەرى ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرێت گوتی، "مەترسییەکان زۆرن و بژاردەکە روونە، پێکەوە سەردەکەوین".
بایدن رۆژی هەینی بەکاتى ئەمریکا بەڵێنیدا، هەفتەی داهاتوو بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکاتەوە و هێرشیکردە سەر دیدگای "رەشبینانە"ی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە داهاتوو.
ئەم ئاڵنگارییەى بایدن لە کاتێکدایە، شەش ئەندامی دیکەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتۆرێکی دیکە پەیوەندییان بەو کەسانەوە کرد، کە بە ئاشکرا داوای لێدەکەن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینى دووەم بکشێتەوە بەهۆی نیگەرانییەکانی لە تەندروستیی و کەمبوونەوەی جەماوەرییەکەی بەگوێرەى نوێترین راپرسییەکان.
لە دواى دیبەیتەکەى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی 25 دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سێ لە ئەنجوومەنی پیران داوایان لە بایدن کرد بکشێتەوە.
لەم دواییانەدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە نادیارەکان، راپۆرتە میدیاییەکان باسیان لەوەکرد، بایدن لە چەند رۆژی داهاتوودا پلانێک بۆ دەرچوونێکی شایستە دادەڕێژێت و هۆشدارییەکانی دیموکراتەکانی قبوڵکردووە، بەڵام کەمپەینەکەی وەڵامی دایەوە و گوتی، هەرچەندە تاوەکو رادەیەک پشتیوانییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام هێشتا بایدن باشترین بەربژێرە.
19/07/2024