بلینکن: ئێران دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمیی بەرهەمبهێنێت

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا، ئێران توانای بەرهەمهێنانی ماددەی چالاککەری یۆرانیۆمی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە.
بلینکن، لەمیانی کۆڕبەندی تایبەت بە ئاسایشدا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ گوتی، "دۆخی ئێستای ئێران باش نییە بەهۆی بەسەرچوونی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە، لەبری ئەوەی لانیکەم ساڵێک دوور بێت لە توانای بەرهەمهێنانی ماددە چالاککەرەکان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئێستا رەنگە هەفتەیەک یاخود دوو هەفتەی پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە".
روونیشیکردەوە، "تاران تاوەکو ئێستا چەکی ئەتۆمی پێشنەخستووە، بەڵام بێگومان ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەو بابەتە دەکەین".
راشیگەیاند، ئەوەی لەچەند هەفتە و مانگەکانی رابردوودا بینییان ئەوەیە کە ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بەرەوپێش دەڕوات، نایانەوێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی هەبێت و بژاردەی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی ئەو چەکە لە لایەن ئێرانەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتاندا لە لاوس چاوی بە هاوتا چینییەکەی دەکەوێت، بە بەردەوامی قسە لەگەڵ هاتا چینیەکەی دەکات و هەفتەی داهاتووش چاوی پێدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی ستایشی گفتوگۆکانی لەگەڵ پەکین کرد.
بلینکن ئاماژەی بەوە نەکرد، ئایا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەبێت یاخود لە چوارچێوەی کۆبوونەوە گشتییەکەدا چاوی بە هاوتا چینیەکەی دەکەوێت.
19/07/2024