فۆکس نیوز: پارێزەرێکى عێراقى رۆڵى سەرەکى هەیە لە گەڕاندنەوەى ترەمپ بۆ کۆشکى سپى

ئەلینا حەبە. فۆتۆ: AFP
ئەلینا حەبە. فۆتۆ: AFP

تۆڕى هەواڵيى فۆکس نیوزى ئەمریکى ئاشکرایکرد، "پارێزەر و گوتەبێژى یاسایی، بەناوى دۆناڵد ترەمپ، بەربژێرى کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا، ناوى ئەلینا حەبەیە، بەرپرس و رۆڵى سەرەکى هەیە لە گەڕاندنەوەى ترەمپ بۆ کۆشکى سپى".

بەگوێرەى زانیارییەکانى فۆکس نیوز، ئێستا ئەلینا حەبە، وەک راوێژکارى ترەمپ کاردەکات، پێشتریش لەزۆرێک لە بابەتە یاساییەکان و دادگادا رۆڵى گەورەى هەبووە لە پاڵپشتیکردنى دۆناڵد ترەمپ.

ئەلینا حەبە، کە بەرەچەڵەک عێراقییە، یەکێک بووە لە ئەندامانى تیمى پارێزەرانى دۆناڵد ترەمپ، لە دایک و باوکێکى عێراقى کۆچبەر لەدایکبووە لە ویلایەتى نیوجێرسى، پاشان خوێندنى زانکۆى لە زانکۆى لیهاى تەواوکردووە، هەروەها لە کۆلێژى یاساى زانکۆى وایدنەر لە ویلایەتى پەنسێلڤانیا تەواوکردووە.

ناوبراو، جێگەى متمانەى ترەمپى بۆخۆى راکێشاوە، تاوەکو ئێستا چەندین دۆسییەى لەبەرژەوەندى ترەمپ لە دادگا یەکلاییکردووەتەوە، دایکى دوو منداڵە، خاوەنى کۆمپانیاییەکى پارێزەرییە کە لە پێنج پارێزەر پێکدێت، کە کۆمپانیاکەى نوسینگەى لە ویلایەتەکانى نیوجێرسى و مانهاتن هەیە.