لۆڤەر "پیتە نوورانییەکان" نمایش دەکات

محەمەد خەلیفە ئەلموبارەک سەرۆکی لۆڤەرى ئەبوزەبى پێشانگەى"پیتە نوورانییەکان"ـی کردەوە کە نووسراوەکانی سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە لە خۆدەگرێت.

پێشانگاکە کار لەسەر سیاقی مێژوویی پەیدابوونی کتێبە پیرۆزەکان دەکات لەگەڵ چۆنیەتی گواستنەوە و دەستاودەستکردنیان بە درێژایی ساڵەکان، هەروەها، ئەزموونە زانستی و کارپێکردە عیرفانییەکانیان لەگەڵ کاریگەرییە گەورەکەیان لەسەر مێژووی ڕۆشنبیریەت و هونەری جیهانی.

لەم پێشەنگایەدا، زیاتر لە 240 کاری هونەری نمایش دەکرێن، لەنێویاندا جوانترین و گرنگترین دەستنووسەکانی قورئان، ئینجیل و تەورات. لەنێو  گرنگترینی ئەو دەستنووسانەی لەم پێشانگەیەدا نمایشدەکرێن، پەڕتووکی قورئانی پەڕگەورەی شین هەیە کە بۆ یەکەمجار سەرەتا لە کەیرۆوانی تونس، لە سەدەی 9 یاخود 10دا بەرهەم هێنراوە. هەروەها بچووکترین ئینجیلی جیهانی تێدایە واتە ئینجیلی نانۆ (گچکە) کە گوایە گەشتی بۆشایی ئاسمانی کردووە؛ کاتێک ئەستێرەناس ئیتان ستریبس لە مانگی نیسانی 2022دا لەگەڵ خۆیدا بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمانی بردووە. جگە لەوە کۆنترین دەستنووسی ئینجیلی عیبری واتە "تۆماری لوولەیی دەریای مردوو"ش لەم پێشەنگایەدا نمایش دەکرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدەی یەکەمی زاینی دەگەڕێتەوە.

بەڕێوبەری مۆزەخانەی لۆڤەر ئەبوزەبی، مانوێڵ راباتی گوتی، "پێشانگای 'پیتە نوورانییەکان' بانگێشتی هەمووان دەکات بۆ گەشتێکی سەرنجڕاکێش کە لێیەوە دەتوانن شتگەلی وەکو داهێنەری بلیمەتانە و ڕۆحانییەت ئەزموون بکەن. پێشەنگاکە لەڕێی پشاندانی کۆمەڵە کەلوپەلێکی بەبایەخەوە، دەخوازێت بنچینەی هاوبەشی سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکە دەربخات - کە هەر یەکێکیان نواندنەوەی جوانی و مەعریفەن. بەگەشتکردن بەناو ئەم پێشەنگایەدا، ڕوون دەبێتەوە هەر سێ ئاینەکە یەک ڕیشەی هاوبەشیان هەیە و بەمەش تێگەیشتنی کەسەکان فراوانتر و دەوڵەمەندتر دەکات، سەرەڕای هەر باوەڕێکی تاکەکەسی خۆیان".

سەردانیکەران ئاسانکارییان بۆ کراوە تا بتوانن لە دەستنووسەکانی تەورات، ئینجیل، و قورئان وردببنەوە لەگەڵ دەستسازییەکانی سەربە کۆکراوەی بیبلۆتیک ناسیۆنال دو فرانسن (BNF) لە مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس و لۆڤەر ئەبوزەبی.

لۆورێنس ئەنگڵ، بەڕێوبەری کۆکراوەکە پێی وایە "پێشانگاکە هەلێکە بۆ بەرزڕاگرتنی کاریگەری ئەم ئایینانە و جوانی بەرهەمەکانیان… هەروەها بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی مێژووی هاوبەشمان".  لۆورێنت هێریشەر، سەرپەرشتیاری گشتی و سەرۆکی بەشی دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکان لە BNF گوتی، "ئامانجەکە بۆ نیشاندانی بابەتێکە لە شێوەی چیرۆک گێڕانەوە، چیرۆکەکان، چیرۆکی کتیبەکانە، چیرۆکی مرۆڤایەتی و خەڵکەکە لەگەڵ چیرۆکی بیرکردنەوە. لەمەش زیاتر، ڕەهەندە پەروەردەیی وتۆمارییەکان مایەی بایەخن، هەر بۆیە، دەخوازم سەردانیکەران دوای دەرچوونیان لەم پێشەنگایە، پرسی گرنگ لە مێشکیاندا بوروژێت."

پێشانگاکە تا 14ی کانوونی دووەمی 2024 بۆ میوانان و سەردانیکەران دەرگای واڵایە.