دووشەممە گەرمترین رۆژی مێژووی زەوی بوو

رۆژی یەکشەممە، وەکو گەرمترین رۆژی مێژووی زەوی دیاریکرا، کە تێکڕای پلەی گەرمیی گەردوونی بەرزتربوو لە هەر رۆژێکی دیکەی مێژووی تۆمارکراو، بەڵام ئەم ژمارە پێوانەییە تەنیا یەک رۆژی خایاند و رۆژی دووشەممە گەرمتر بوو لە یەکشەممە و بووە گەرمترین رۆژی مێژووی زەوی.
بە گوێرەی ئامارەکانی خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی دووشەممە، تێکڕای پلەی گەرمی گەردوونی گەیشتووەتە 17.15 پلەی سیلیزی و ژمارەی پێوانەیی رۆژی پێشتری شکاندووە کە 17.09 پلەی سیلیزی بوو. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە زەوی لە دوو رۆژی یەک بە دوای یەکدا، دوو گەرمترین رۆژی مێژووی خۆی تۆمارکردووە.
هەر بە گوێرەی کۆپەرنیکۆس، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئەنتارکتیکا لە وەرزی زستاندا، هۆکارێکی سەرەکییە لە گەرمبوونی تەواوی هەسارەکە. زانایان پێیانوایە ئەم ژمارە پێوانەییەش رەنگە زۆر نەمێنێتەوە و زوو بشکێنرێت، چونکە گۆڕانی پلەکانی گەرما رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتربوون دەچێت.
کارلۆ بۆنتێمپۆ، بەڕێوەبەری کۆپەرنیکۆس، دەڵێت: "ئەگەر تەماشای تێکڕای پلەی گەرمی 12 مانگی رابردوو بکەین، دەتوانین بڵێین گەرمترین 12 مانگی 100 هەزار ساڵی رابردوو بووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، زەریاکانن، لەبەرئەوەی هێشتا زۆر گەرمن. گرنگترینی ئەنتارکتیکایە کە لەم ساتەدا زۆر گەرمترە لە هەمان کاتی ساڵانی رابردوو، لەبەرئەوە کە تێکڕای پلەی گەرمی گەردوونی دەژمێرین، پلەکە بەرزتردەبێتەوە."
ساڵی 2015، پەیماننامەی نێودەوڵەتی پاریس واژۆکرا، ئامانجی سەرەکیی پەیماننامەکە هێشتنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بوو لە خوار دوو پلەی سیلیزییەوە و هاوکات هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی لە خوار 1.5 پلەی سیلیزییەوە. سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم پەیماننامەیە، بەرێوەبەرەکە گوتی: "لە راستیدا، هەواڵەکە دڵخۆشکەر نییە، چونکە لە 12 مانگی رابردوودا لە سەروو 1.5ەوە بووین، پێناسەکان دەگۆڕێن، بەڵام هێشتا پێموانییە کە تا ساڵی 2030 ئامانجەکانی رێکەوتننامەکە بشکێنرێت. هاوکات بە گوێرەی ئەو گەرمییەی دەیبینین، ئەوە دەزانین کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ چەند مانگ و چەند ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت. خەریکە لە سنوورەکە نزیک دەبینەوە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا، پلەکان بەرزتردەبنەوە و دۆخەکە هەنووکەییتر دەبێت، کارەکەمان قورسە، ئەگەر ئامانجەکەمان بەڕاستی ئەوە بێت."
25/07/2024