کەیخوسرەو پورنازری..ئەفسانەی تەنبوور
کەیخوسرەو پورنازری (کرماشان، ٧ى حوزەیرانى ١٩٤٤) ئاوازدانەر، موزیکژەن و ژەنیاری موزیکى کوردی و ئێرانی. لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران موزیکى خوێندووە. لەگەڵ دروستبوونی گرووپی "تەنبوری شەمس" لەساڵی ١٩٨٠، پورنازری بزووتنەوەیەکی نوێی لەشێوازی ژەنینی مۆسیقای تەنبوور و پەرەپێدانی، دەستپێکرد. جگە لەوەش بە یەکەم کەس دادەنرێت کە ئامێری تەنبوورى لەگۆشەکانی خانەقای یارسان و بازنە تایبەتەکانەوە گەیاندووەتە ئاستی دەرکەوتنی گشتی؛ بەم هۆیەوە توانی لەئێراندا بۆ یەکەمجار لەڕێگەی تەنبورەوە ڕەوتی گۆڕانسازی موزیک بینا بکات. پورنازری لەبەرئەوەی کورد بووە و لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە هەر لەمنداڵییەوە دەستیکردووە بە فێربوونی تەنبوور و لەو ئامێرەدا و چەندین ئامێری تر شارەزاى پەیدا کردووە؛ هەروەها لەموزیکى یارسانی ئەو ناوچانەدا وێڕای شارەزاییەکەی، کەڵکی تەواوەتی لێوەرگرتووە. جگە لەوەش کەڵکوەرگرتنێکی ورد و ڕێژەیی ئامێری دەف و تەنبوور لەپێکهاتەی گرووپەکەدا، فەزایەکی بۆ ڕەخساند کە بەشێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش موزیکى بێوێنە پێشکەشبکەن، دواتر گروپەکانی تریش بەهۆی ئەوەوە ڕوو لەم کارە دەکەن.
حاجی خان-ى باوکی یەکێک لەخوێندکارەکانی عەلینقی وەزیری و دەروێشخان و دایکی بەناوی پوراندۆخت سەرحەددار دامەزرێنەری یەکەمین ئامادەیی نیشتمانی کچان و یەکەم دەرچووی کچانی کرماشان بووە. کەیخوسرەو هەر لەتەمەنی لاوییەوە و بەسەرپەرشتی باوکیەوە، لەکاتی فێربوونی ژەنینی تار و تەنبوور کتێبەکانی ئەکادیمیای موزیک و بەرهەمەکانی وەزیری و موزیکى نەریتی ئێرانیشی خوێندەوە و فێری بوو. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، ئەندازیاری ڕێگاوبان و بیناسازیی خوێندووە، بەڵام دوای وازهێنانی لەساڵی سێهەمدا، چووە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران و موزیکى خوێندووە. لەساڵی١٩٧٢ وەک شارەزای موزیک لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر، گۆرانی و موزیکى کوردی و نەریتی کۆدەکاتەوە و تا ساڵی ١٩٧٨ بەرپرسیارییەتى ئۆرکێسترای کوردیی و نەریتی ئەو ناوەندە دەگرێتە ئەستۆ. هەر لەو قۆناغەدا بە گرنگیدان بە موزیکى خانەقایی و خۆجێیی کوردی، فێری هەموو مەقامە تەنبوورییەکان بووە.
پورنازری دوای پێکهێنانی گروپی شەمس تەنبوور کە بە یاوەری کۆمەڵێک موزیکژەن و ژەنیاری دیاری موزیکى یارسانی وەک خەلیل عالینەژاد و عەلی ئەکبەر مورادی و دواتریش لەماوەی ساڵانی ١٩٨١ و نیوەی یەکەمی دەیەی دواتردا، بە هاوکاری و هاوڕێیەتی گۆرانیبێژانی وەک جەلالەدین محەممەدیان و بە تایبەت شەهرام نازری چەندین کۆنسێرتی لەگەڵ تیپەکەی ئەنجامدا. دەرئەنجامی هاوکاری شەهرام نازری لەگەڵ ئەوان سێ ئەلبوومی موزیک بوو کە لەئاستی ئێران و ناوچەکەدا شاکارن. لەنێو ئەمانەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو، بەشێک لەگۆرانییەکانی ئەلبوومی ژەنیاری مانگڕوو، کە لەسەر بنەمای شیعرەکانی مەولەوی بوون، دوای بڵاوکردنەوەیان پێشوازییەکى زۆریان بەدەستهێنا. پورنازری لەناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ناوەڕاستی دەیەی داهاتوو، بە هاوکاریی دوو کوڕەکەی سۆهراب و تەهمورس، چەندین کۆنسێرتی لەئێران و لەناوچە جیاجیاکانی جیهان بەڕێوەبردووە. هەروەها لەنیوەی دووەمی ساڵی 2010دا گرووپی ته نبوور شەمس (بە سەرۆکایەتی ئەو) بههاوکاری هومایون شەجەریان چەندین کۆنسێرتیان لەئێران و دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە. لەم کۆنسێرتانەی ئەم دواییانەدا جگە لەسۆهراب و تەهمورس پورنازری، هەندێک موزیکژەن یاوەری هۆمایون شەجەریانیان کردووە. کەیخۆسرۆ پوورنازری لەئێستادا بەڕێوەبەری "ئەکادیمیای موزیکى پورنازری"ـیە لەتاران، کە تایبەتە بە فێرکردنی ئامێرە موزیکییە کوردییەکان.
هەندێک لە ئەلبوومەکانى
چرپە (ئاوازدانەر: حەسەن یوسف زەمانی؛ تارژەن: کەیخوسرەو پورنازری)
دەنگی وتەی ئەشق (ئاوازدانەر و سەرکردەی گروپ/ بەیاوەری گروپی شەمس تەنبور بەدەنگی شەهرام نازری)
ژەنیاری مانگڕوو (ئاوازدانەر و سەرکردەی گروپ/ بەیاوەری گروپی شەمس تەنبور بەدەنگی شەهرام نازری)
حەیرانی (ئاوازدانەر و سەرکردەی گروپ/ بەیاوەری گروپی شەمس تەنبور بەدەنگی شەهرام نازری)
مطرب مهتاب رو (ئاوازدانەر: کەیخوسرەو پورنازری، تەنبوور: کەیخوسرەو پورنازری و عەلی ئەکبەر مورادی بەدەنگی شەهرام نازری)
شاراوە وەک دڵ (ئاوازدانەر/گۆرانیبێژ: حەمیدرەزا نوربەخش)
ئەفسانەی تەنبوور (ئاوازدانەر/گۆرانیبێژ: بێژەن کامکار)
مەستان سڵاوت لێدەکەن (ئاوازدانەر/گۆرانیبێژ: بێژەن کامکار)
کۆنسێرتی گروپی شەمس (ساڵی جیهانی یادی مەولانا - گۆرانیبێژ: فەرشاد جەمالی)
لەسەر سەماعی تەنبوور (ئاوازدانەر/گۆرانیبێژ: عەلیرەزا قوربانی)
15/09/2023