سوید کارە هونەرییەکانى کچە هونەرمەندێکی ئێرانی سانسۆر دەکات
سەدەف ئەحمەدی هونەرمەندی شێوەکارى ئێرانی، ڕایدەگەیەنێت لە "ناوەندی کلتورهوسەیتی" شاری بۆروس لە سوید لەلایەن گالەرییەکەوە سانسۆر خراوەتە سەر پێشانگەکەى. ئەحمەدی لەدایکبووی تارانە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لە وڵاتی سوید دەژی و لەوێ وەکو هونەرمەند و دەرهێنەری فیلم کاری کردووە. هونەرمەندەکە بەرهەمی "کۆنکرێت"ی لەبەر بزووتنەوەی ژینا ئەمینی ئەنجامدا، ئەو کچە کوردە تەمەن٢٢ ساڵییەى کە پۆلیسی ئەخلاقی ئەو وڵاتە بەگوێرەى پێوەرە ئەخلاقییەکان دوای ئەشکەنجەدانى، گیانیلەدەستدا.
پێشانگەکە لە پۆرترەیتی ئەو خەڵکانە پێکهاتووە کە لەلایەن حکومەتى ئێرانەوە کوژراوون. پۆرترێتەکان لە شوێنێک هەڵواسراوون کە ڕاستەوخۆ ناکەونە بەرچاوی بینەر، بەڵکو دەبێت بینەر بەناو چەندین پەیکەری کۆنکرێتدا بڕوات تاوەکو سەردانیکەران پۆرترێتی چەندەها ژنی کوژراو بەدەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، ببینن.
بەهۆی ئەو گرژییە زۆرەی لە سوید سەریهەڵدا لەنێوان موسوڵمانان و چالاکوانانی باڵی-ڕاستڕەو، دوابەدوای سوتاندنی قورئان کە ناڕەزایەتی موسڵمانانی بەدوای خۆیدا هێنا، حکومەتی سوید باری ئاسایشی وڵاتەکەی توندتر کردووە. ناوەندە کلتوورییەکە لە نامەیەکدا بە سەدەفیان ڕاگەیاندووە کە ناتوانن پێشانگەکەی بکەنەوە، چونکە لەترسی هەر کردەیەکی نەخوازراو دەبێت هێزی ئاسایش و پاسەوانی زیاتر بەتایبەت لە کاتی شەواندا بۆ ناوەندەکە، زیاد بکەن.
هونەرمەندەکە بە یۆرۆنیوزی ڕاگەیاند،"دیسانەوە هەستم بە هەمان ترسی ڕابردوو کردەوە و تاساوم، مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە و هەمان ئەو شتەی لە ئێران بەسەرمدا هات لێرەش بەسەرم دا دێتەوە". گوتیشی تەنیا دوای ئەوەی بابەتەکەی لەناو خەڵک و چالاکواناندا بڵاوکردووەتەوە، ئینجا بەڕێوەبەرانى گەلەرییەکە دووبارە شوێنێکیان بەهێندەى قەبارەى سندوقێکی بچوک و لە گۆشەیەکی نادیاردا بۆ نمایشەکەی پێداوە.
پێشتر، بەبێ هیچ کێشەیەک، پێشانگەکە لە پاریس لە لا مێزۆن دی شاپیتر -ماڵی شاپیتر- لە ناوچەی فۆرکالکیر و لە ئیسپاس دی بلۆون مانتو - شوێنی قاپوتی سپی- لە پاریس نمایشکراوە.
09/09/2023