بەرشلۆنە دووەم یاریی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامدەدات

بەرشلۆنە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی یەکەم شکستی ئەم وەرزەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مۆناکۆ، ئەمشەو لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دووەم گەڕی خولەکە بەرامبەریانەی یۆنگ بۆیزی سویسری ئەنجامدەدات.

لەسەرەتای مانگی رابردوو، یانە مێژووییەکەی کەتەلۆنیا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، لە یاریگەی لویسی دووەم بەرامبەر مۆناکۆ شکستیهێنا، رکابەرەکەشی کە یۆنگ بۆیزی سویسرییە، لە یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بە ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی شکستیهێنا.

بەرشلۆنە لەم وەرزەی لالیگا بەهێزەوە دەرکەوت و لە حەوت یاریی یەک لەدوایەک براوەبوو، بەڵام لەدوایین هانسی فلیکی راهێنەر پشووی دایە یاریزانەکانی و هەر بەوهۆیەشەوە یەکەم شکستی خولەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا تۆمارکرد، کە هاوکات دووەم شکستی پێکهاتەکەی فلیک بوو لەم وەرزەی خولە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر بەرشلۆنەیە بۆ گەڕانەوە و گوشارەکانیش هاوکاتن لەگەڵ گەڕانەوەی فرینکی دی یۆنگی هۆڵەندی و نزیکبوونەوەی گاڤیش بۆ دووبارە یارییکردن، بلاوگرانا لە 2018 بۆ 2019وە نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەوەی لە فلیک و یاریزانەکان داواکراوە، شکاندنی ئەو بەربەستە و سەلماندنی ئەو راستیەیە، کە یانەکە بەهێزە و بە شکستێک بەرامبەر مۆناکۆ ناکەوێت.

کاتەکە بۆ بەرشلۆنە گونجاوە، بەوپێیەی یۆنگ بۆییش لە یەکەم یاریدا شکستیهێناوە و دوایین یاریشی لە خولی سویسرا بەرامبەر گراسهۆپەرز هەر شکستبووە.

یانەکەی سویسرا لەمێژوویدا قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی تێنەپەڕاندووە و قورسە لەم وەرزەدا و بەم شێوازە نوێیە هەنگاوی گەورە بنێت، بەتایبەت کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا رووبەڕووی ئینتەر میلانیش دەبێتەوە، بەڵام بۆ یارییەکەی ئەمشەو هیوایان بە ماندووبوونی یاریزانەکانی بەرشلۆنەیە و دەیانەوێت لەرێگەی توانستی جەستەییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گونجاو بدەن.