چۆن توێژینەوەیەک یەکێک لە کۆنترین درەختەکانی جیهانی لەناوبرد

دەیان ساڵ بەسەر بڕینەوەی یەکێک لە کۆنترین درەختەکانی ئەمریکا تێپەڕیوە و توێژەران هێشتا نیگەرانن بۆی.
ساڵی 1964، بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر یەکێک لە درەختە دەگمەنەکانی چیاکانی نێڤادا لە ئەمریکا، خوێندکارێک بەناوی دۆناڵد رەسک کوری، قەدی سنۆبەرێک دەبڕێت، دواتر لە هەڵەکەی ئاگادار دەکرێتەوە کە تەمەنی درەختەکە زیاتر بووە لە پێنج هەزار ساڵ.
تاوەکو ئەم ساتە، بڕینەوەی ئەم درەختە جێگەی پرس و نیگەرانیی توێژەرانی بواری ژینگە و سروشتە، کە چۆن توێژینەوەیەک بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە رووەکە کۆنەکان، بوو بە هۆکاری لەناوچوونی یەکێک لە کۆنترین درەختەکانی جیهان.

کوری پێش بڕینەوەی درەختەکە، رێگەپێدانی وەرگرتووە و تۆمەتبار نەکراوە، گەرچی وردەکاریی رووداوەکە ناڕوونە، بەڵام بەگوتەی خۆی؛ هەڵسەنگاندنی بۆ درەختەکانی دیکە کردووە و بۆی دەرکەوتووە درەختی بەتەمەنتر لە شوێنەکەدا هەن، ئەمەش هۆکاری هەڵبژاردنەکەی بووە.
سنۆبەرەکە لە جۆری بریستلکۆنە، یەکێکە لەو درەختە دەگمەنانەی جیهان، کە توانای ژیانکردنیان هەیە بۆ هەزاران ساڵ، بەڵام زانینی تەمەنە راستەقینەکەی هێشتا گرفتە بۆ توێژەرانی بواری ژینگە.
ئێستا پارێزەرانی ئەمریکا هاوشێوەی پاراستنی ئاژەڵەکان، سەرقاڵی سەرژمێریین بۆ کۆنترین درەختەکانی وڵاتەکە و لە هەوڵی بەردەوامدان رێگر بن لەبەردەم بڕینەوەیان، ئەمەش لەکتێکدایە، رووداوەکەی کوری کە دەیان ساڵە روویداوە، تاکە رووداوی بڕینەوەی درەختە بەتەمەنەکانی نییە لە ئەمریکا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، لە ئەگەری بڕینەوەیاندا لایەنە پەیوەندییدارەکان بێئاگان لێی و زانیارییەکان بەردەست نین.
02/10/2024