وەزیرى پێشمەرگە: تاوەکو کۆتایی ساڵ کێشەى مووچە بەتەواوى چارەسەردەکرێت

وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى فیدراڵ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵى دیاریکردووە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى لیستەکانى مووچە، تاوەکو ئەو کاتە بەتەواوى چارەسەردەکرێت.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رۆژنامەوانانى راگەیاند، هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ 30 ساڵە بە دوو سیستمى جیاواز کاردەکەن، یەکخستنەوەى ئەو سیستمانە کاتێکى زۆرى دەوێت، ئەگەر بەغداد بیانووى دیکە بە هەرێمى کوردستان نەگرێت ئەو کێشانە بەتەواوى چارەسەردەکرێن.
وەزیرى پێشمەرگە لەبارەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە باسى لەوەکرد، بەردەوامن لەکارکردن لەسەر یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، یەکخستنەوەى هێزەکان پێویستى بەکات و پشوودرێژى و لەسەرخۆییە و یەکخستنەوەى هێزەکان قۆناغى باشى بڕیوە.
گوتیشى، هێزى پێشمەرگە دەستتێوەردان لە هەڵبژاردندا ناکات و کۆمیسیۆن کۆمەڵێک رێوشوێنى بۆ دەنگدان دیاریکردووە و هێزەکانى پێشمەرگە پێوەى پابەندن.
03/10/2024