تابلۆیەکی دزراوی ڤان کوخ دەدۆزرێتەوە

ئارسەر براندی لێکۆڵەری هونەری تابلۆ دۆزراوەکەی بەدەست هەڵگرتووە.
ئارسەر براندی لێکۆڵەری هونەری تابلۆ دۆزراوەکەی بەدەست هەڵگرتووە.

تابلۆیەکی ڤینسێنت ڤان کوخ کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە مۆزەخانەیەکی بچووکی هۆڵەندا لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆی کۆڤید-١٩ دزرابوو، دۆزرایەوە.

تابلۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٤، کە لە مۆزەخانەی سینگەر لارێن لە ڕۆژهەڵاتی ئەمستردام دزراوە، کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە مۆزەخانەی گرۆنینگەرەوە بۆ پێشەنگایەک وەرگیرابوو. نرخی تابلۆکەی ڤان کوخ بەنزیکەی ٦ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت. مۆزەخانەکەی گرۆنینگەر، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند،"مژدەیەکی خۆشی باوەڕپێنەکراومان پێیە. تابلۆی 'باخچەی بەهار' ... دوای سێ ساڵ و نیو لە دزرانی ئێستا بۆ مۆزەخانەی گرۆنینگەر گەڕاوەتەوە".

دزییەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەک لە قەدەغەکردنە سەرانسەرییەکەی پەتای کۆرۆنا، ئەنجامدرابوو. لەو کاتەدا، پۆلیسی هۆڵەندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تیایدا ئەو ساتەی دزەکان لە  30ـی ئازاری 2020دا هەڵدەکوتنە سەر مۆزەخانەی سینگەر لارێن و دەرگای شووشەی مۆزەخانەکە دەشکێنن بۆ ئەوەی تابلۆکە بدزن. تابلۆ هونەرییەکەی ڤان کوخ، باخچەی کڵێسای شارۆچکەی نوینن نیشان دەدات، ئەم شارۆچکە بچووکە هۆڵەندییەی کە دایک و باوکی ڤان کوخ تێیدا ژیاوون.

بەرپرسانی مۆزەخانەی گرۆنینگەر ئاماژە بەئەوە دەکەن: "تابلۆکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەڵام - لە یەکەم بینیندا - لە دۆخێکی باشدایە"، ئاماژەش بەئەوە دەکەن کە ئێستا تابلۆکە لە مۆزەخانەی ئەمستردام ڤان کوخە و چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکی دەوێت هەتا بتوانن بیگەڕێننەوە مۆزەخانەکەیان. هەروەها، لە ڕاگەیاندنەکەی مۆزەخانەکەدا هاتووە، "پۆلیس لە نزیکەوە بەشدار و چاودێری لە هەموو قۆناغەکانی (گەڕاندنەوەی تابلۆکە)دا کردووە، بەڵام مۆزەخانەکە ناتوانێت لێدوان لەسەر لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بدات". مۆزەخانەکە ڕایگەیاندووە، ئارسەر براند، لێکۆڵەری بەناوبانگی هونەری هۆڵەندی، "ڕۆڵی سەرەکی" لە تەواوی قۆناغبەندی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تابلۆکە گێڕاوە.