هەندێ پارچەی هونەریی دەستسازیی جادووگەری حاجییانی میسر دەدۆزرێتەوە
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو پارچە دەستسازییە هونەرییانەی لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا لە ناوچەیەکی شوێنەواری نزیک شاری ئیلات لە ئیسرایئل دۆزراونەتەوە، دەریدەخەن کە جادووگەری لەناو موسوڵماناندا لە سەرەتاکانی سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی باو بووە.
ئەم ناوچەیەی پارچە دەستسازییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە، سەر ڕێگای حەجی، حاجییانی باکوری ئەفریقا- مەککە بووە. ئەم ناوچەیە لەسەردەمی مەمالیکەکان و دواتریش دەسەڵاتی عوسمانی وەک ڕێگای سەرەکی حاجییان بەکارهاتووە کە لە ئەفریقاوە بەرەو مەککە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەرمانی حەج لێیەوە تێپەڕیوون.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری کلتوورە ماددیەکان لە جیهانی موسڵماناندا بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن ئیتامار تاکسێل لە دەسەڵاتی دێرینەکانی ئیسرائیل و ئوزی ئەڤنەر لە ناوەندی زانستی دەریای مردوو-ئاراڤا و نیتزان ئەمیتای-پریس لە زانکۆی عیبری ئورشەلیم، سەرپەرشتی کراوە.
توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو دەستسازانە لە میسر دروستکراون و لە تەنیشت کاروانسەرای حاجیان دۆزراونەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە حاجیان بەرلەوەی بگەنە شاری مەککە - پیرۆزترین جێگای موسوڵمانان – لەسەر ڕێگاکە سەردانی جادووگەرانیان کردووە بۆ مەبەستی خۆپارێزی لە ڕیگای حەجدا.
توێژەران دەڵێن، پێدەچێت ئەو ڕێوڕەسمە جادووییانە بۆ دوورخستنەوەی چاوی خراپ و چارەسەرکردنی نەخۆشی و زۆر شتی تر ئەنجامدرابن.
لە نێوان ئەو دۆزراوانەی کە بە مەبەستی رەواندنەوەی خراپە بەکاربراون، دەفری قوڵی گڵین هەن کە هەندێکیان لە تۆپی سەر مێز دەچن و لە کاتی دەرکردنی خراپەدا دەنگی درووست کردووە، واتە بەردێک خراوەتە ناو دەفرێکی گڵینەوە و ڕاوەشێندراوە و دەنگی درووست کردووە. هەروەها، لەناو پارچە دۆزراوەکاندا، دوو کۆتەڵی مێخوا هەن کە دەستیان بەرەو ئاسمان بەرزکردووەتەوە و پێدەچێت لە دۆخی نزا و پاڕانەوەدابن. هەندێ لە پارچەکانیش شکاون و توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن، ڕەنگە ئەم پارچانە بە ئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێوڕەسمە جادووییەکان شکێندرابن.
جادووگەری، یەکێکە لە کۆنترین دیاریدە کلتوورییەکانی مرۆڤ، بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگای مرۆیی، جادوو بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی و ڕەواندنەوەی خراپە بەکاربراوە. لەناو ئاینە کۆنەکانی میزۆپۆتامیادا، جادووگەریی بەشێکی بنچینەیی ئاینی بووە، بەڵام دواتر لە ئاینە ئیبراهیمییەکان –یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام- قەدەغە دەکرێت. سەرەڕای قەدەغەکردنەکەشی، کەچی بەپێی تازەترین لێکۆڵینەوە لە هەندێ دۆزراوەی کۆنی سەر ڕێگای حەجی مەککە، حاجییان هەتا چەند سەدەیەک لەمەوبەر بەرلەوەی بگەن بە مەککە، لەسەر ڕێگا، سەردانی جادووگەرانیان کردووە.
12/09/2023