دەرچوونی زگماکی و دروستنەبوونی جومگەی حەوز لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا

دەستنیشانکردنی ئەم جیاوازی دروستبوونە لە مانگەکانی سەرەتای ژیانی کۆرپەکانتان بەڕاددەیەکی زۆر باش دەتوانرێت بە ڕێگەیەکی ئاسان چارەسەربکرێت، بەڵام دواکەوتنی دەستنیشانکردنەکە بۆ دوای تەمەنی چوار مانگ و بە تایبەتیش دوای شەش مانگ، رێژەی سەرکەوتنی چارەسەرە سادەکان کەمدەکاتەوە؛ بەڵکو جاری واهەیە کێشە بۆ جومگەکەی دروستدەکات و پێویستی بۆ چارەسەرە ئاڵۆز و قورسەکانی وەک نەشتەرگەری زیاد دەکات.
لە هەندێک لە وڵاتان، بۆ نموونە وەک وڵاتی ئەڵمانیا، هەموو کۆرپەیەک لە تەمەنی چوار بۆ شەش هەفتەییدا سۆنەری بۆ دەکرێت، لە هەندێک لە وڵاتان تەنیا سۆنەر بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت کە مەترسی یان گومانی زۆریان لێ دەکرێت کە ئەم جیاوازیی دروستبوونەیان هەبێت، لای خۆشمان لە کوردستان کەم تا زۆر پەیڕەویی دووەمیان دەکەین
ئەو کۆرپانە کامانەن کە مەترسییان لەسەرە؟
- ئەو خێزانەی منداڵی تریان یان مناڵی خزمی نزیکیان ئەم جیاوازی دروستبوونەی هەیە
- ئەو منداڵانەی لە سکی دایکیاندا بۆ ماوەیەک دانیشتوون، کە ئەمە پەستان دەخاتە سەر جوومگەکە و ئەگەر ماوەکەی زۆر بێت، جومگەکە دەردەچێنێت؛ هەروەها جووڵەی جومگەکە کەمدەکاتەوە، کە دەبێتەهۆی باش دروستنەبوونی.
- منداڵی کچ مەترسی زۆر زیاترە
- ئەو خێزانانەی کە مێژووی سەوەفانی جومگەی حەوزیان هەیە لە تەمەنێکی زوودا، واتە لە خوار 65-70 ساڵیدا.
- ئەو منداڵانەی درەنگتر لە کاتی خۆیان لەدایکدەبن .
هۆکاری دەرەکی کە دەبێتەهۆی ئەم جیاوازیی دروستبوونە :
تاکە هۆکاری گرنگ کە پێویستە دایکان لێی بەدوور بن بەستنەوەی هەردوو پەلی خوارەوەی کۆرپەیە بە تەنیشت یەکەوە کە پێی دەڵێن قوماتکردن .
نیشانەکانی لە تەمەنی سەرەتای ژیاندا:
- نایەکسانی پەلەکانی خوارەوە لە درێژی و شێوە و چرچی و لۆچیی پێستی بن ران و سمتەکان و بەشی سەرەوەی رانەکانی
- نەکرانەوەی رانەکانی بەباشی و جیاوازییان لەکاتی گۆڕینی دایبیدا و هەندێکجار دەبێتەهۆی نائاسانی لە گۆڕینی دایبییەکەدا
- هەندێجار دایکەکە لەوانەیە هەست بە بوونی دەنگێکی بچووک وەک کلیک یان گیربوون بکات
د. هونەر عەبدولخالق
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئێسک و شکاوی
05/10/2024