سینەر و ئالکاراز گەیشتنە قۆناغی 16ـــی کراوەی شەنگهای

لە یارییەکی کراوەی شەنگهای، کارلۆس ئالکارازی ژمارە دووی جیهان، بەهەمان شێوەی سینەر لە یارییەکی سەختدابوو، کاتێک رووبەڕووی ( وو یوبینگی چینی) بووەوە.
ئالکاراز سەرەتای هەردوو کۆمەڵەکە رکابەرە چینییەکەی تووشی کێشەی دەکرد، بەڵام ئالکاراز وەک هەمیشە بەهێزی خۆی سەلماند و لەماوەی کاتژمێرێک و 41 خولەک بە ئەنجامی 7 بە 6 و 6 بە 3 یارییەکەی لێبردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی 16، ئالکاراز چاوەڕێی براوەی قۆناغی سێیەم دەکات، یان رووبەڕووی گایل مۆنفیس یان ئوگۆ هەمبێرت دەبێتەوە، لە قۆناغی 16ــەش هاوشێوەی سینەر شەڕ لەسەر بلیتێکی قۆناغی چارەکی کۆتاییدەکەن.
ئەم یارییەش، 50ــەیمین بردنەوەی ئالکاراز بوو لەم وەرزەدا، کە هەفتەی پێشوو توانیشی ناسناوی کراوەی پەکین بباتەوە.
هەر لە کراوەی شەنگهای و لە یارییەکی قورسدا، یانیک سینەری یەکەمی ریزبەندی جیهان، توانی تۆماس ئێچیڤێری ئەرجەنتینی بکاتە دەرەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی 16.
سینەر سەرەتای یارییەکە لە کێشەیەکی گەورەدابوو، کۆمەڵەی یەکەمی بە ئەنجامی 6 بە 7 بە تۆماس دۆڕاند.
سەرەتای کۆمەلەی دووەمیش هەر لە کێشەدا بوو، بەڵام دواتر گەرایەوە و بە ئەنجامی 6 بە 4 و 6 بە 2 هەدوو کۆمەڵەکەی بردەوە.
ئەمە 252ــین بردنەوەی سینەر بوو لە کاروانی وەرزشیدا، یەکەم یاریزانیشە لە ساڵی 2000ەکان لەدایکبووبێت و بتوانێت لەو تەمەنە ئەو رێژە بردنەوەیەی هەبێت. لە قۆناغی 16، سینەر رووبەڕووی رۆبێرتۆ کاربایێس یان بێن شێڵتۆن دەبێتەوە.
07/10/2024