گاوف ناسناوی پاڵەوانێتی کراوەی پەکینی بەدەستهێنا

کۆکۆ گاوفی ئەمریکی لە ئاستی خانمان ناسناوی پاڵەوانێتی کراوەی چینی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بەسەر کارۆلینا موچۆڤای چیکیدا سەرکەوت.

یارییەکە لەماوەی کاتژمێرێک و 16 خولەکدا بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام لەبەرژەوەندیی گاوف کۆتاییهات، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش 6 بە 1 و 6 بە 3 بوون.

ئەم ناسناوە لە 2023وە دووەمە بۆ گاوف لەدوای سێنسیناتی و لەئاستی پاڵەوانێتییە هەزار خاڵییەکان، هەروەها لە 2009وە گەنجترین یاریزانە دوو ناسناوی هەزار خاڵی بەدەستدەهێنێت.

لەبەرامبەردا، موچۆڤا دووەم یاریزانی چیکییە دەگاتە یاریی کۆتایی کراوەی چین، پێشتریش پیترا کڤیتۆڤا لە ساڵی 2014 هەمان هەنگاوی ناوە و هیچیشیان سەرکەوتوو نەبوون لە بەدەستهێنانی ناسناوەکەدا.