یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەناڵ8: لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

ھەڵواسینى ژمارەیەکى زۆر پۆستەرى هەڵبژاردن لە شەقامێکى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
ھەڵواسینى ژمارەیەکى زۆر پۆستەرى هەڵبژاردن لە شەقامێکى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەوان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هیوادارن ببێتە هۆی چارەسەرکردنی گرفتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەتایبەتی رێککەوتنی بودجە.

یەکێتیی ئەوروپا تایبەت بە کەناڵ8 رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە هەڵبژاردنەکە دەکەن، کە لەمێژە دواکەوتووە و بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، دەخوازن هاندەر بێت بۆ رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوانیاندا ماون، وەکو جێبەجێکردنی رێککەوتنی بودجە.

یەکێتیی ئەوروپا دەشڵێت، ئەوان بەردەوامن لە داواکاری بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، تەنیا ئەوەش بە کلیلی سەقامگیریی وڵات و ناوچەکە دەزانن.