دادگا بڕیاریدا پاڵپشتیی مان سیتی بکات و تۆمەتەکانی لەسەر هەڵگرتن

جەنگی راگەیاندن لەنێوان یانەی مانچێستەر سیتی و رایەڵەی یانەکانی ئینگلتەرا بەتەواوی هەڵگیرسا و لە یەکەم پێکدادانی نێوان دوو جەمسەرەکەشدا، دادگای بەریتانیا پاڵپشتیی یانە ئینگلزییەکەی کرد و لەبەرژەوەندیی ئەویش بڕیاریدا.
هێشتا دادگا لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە 115 لادانی یاسایی مانچێستەر سیتی بەردەوامە، ئەم دادگاییە لە مانگی داهاتووەوە پەرە دەسەنێت و کاری لەسەردەکرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لەئارادایە، دۆسییەی سپۆنسەرەکانی مان سیتی و راگرتنیانە لەلایەن رایەڵەی یانەکانی ئینگڵتەراوە بە تۆمەتی لادان لە رێساکانی یاریی خاوێن و یاریکردن بەو گرێبەستانەی واژۆکراون، لەگەڵ بانکی ئەبوزەبی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیتیحاد.
دوای ئەوەی هەردوو جەمسەرەکە لەبەردەم داداوەردا بڵگەکانیان خستەڕوو، دادگا بە یاسا یانەی مانچیستەر سیتی بە بێتاوان لەقەڵەمدا، نەک هەرئەوە، بەڵکو تۆمەتەکانیان بەسەر رایەڵەی یانەکاندا شکاندەوە، کە هۆکاربوون بۆ دواخستنی ئەو گرێبەستانە و ئاماژەیان بەوەکردووە، کە رایەڵەی یانەکان بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ یانەکاندا نەکردووە و بڕیارەکانی یەکگیر نییە لەگەڵ ئەو بڕیارانەی بەسەر یانەکانی دیکەدا جێبەجێیکردووە.
مانچێستەر سیتی لەم بارەیەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا بەتەواوی سەرزەنشتی رایەڵەی یانەکانی بەریتانیا دەکات و بەفەرمیش دەریدەخات، کە بڕیاری ئەمجارە دادگا لە بەرژەوەندیی شینە ئاسمانییەکان بووە.
بارودۆخەکە بە جۆرێکە، یانەکەی گواردیۆلا داشی سوارە و نەک هەر کەیسەکەی بردووەتەوە، بەڵکو دەتوانیت سکاڵا لە رایەڵەی یانەکان و ئەو یانانەش بکات کە پاڵپشتییان ردووە، لە نموونەی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد و چەند یانەیەکی دیکە.
ئەم دادگایی و بڕیارانەش، پەیوەندییان بە 115 تۆمەتەکەی دیکەوە نییە، بەڵام کردنەوەی دەرگایە بەرووی چەندین تەوەر و کەیسی دیکەی 115 تۆمەتەکە، کە هەندێکیان پەیوەندییان بەهەمان ئەم بابەتەوە هەیە و لە 2025 بڕیار لەبارەیانەوە دەدرێت.
08/10/2024