زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى بەغداد دەکات تەواوکاریى مووچەى مانگەکانى شوبات تاوەکو ئابی بۆ رەوانە بکات بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ بکات.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە،  329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە، بەڵام هێشتا 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ هەیە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند"، بەغداد بەڵێنی بە شاندى وەزارەتى دارایى هەرێمی کوردستان داوە کورتهێنانى مووچە خەرجبکەن و پاش گەیشتنى ئەو بڕە پارەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات 15ـی تشرینى یەکەم دابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ دەستپێبکات".

هاوکات، لەبارەى تەواوکاریى مووچەوە، هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابوورى بۆ کەناڵ8 گوتى،" کورتهێنانى مووچەى مانگى شوبات تاوەکو مانگی ئاب کۆمەڵێک بڕە پارەى جیاوازە کە مووچەى ئەوانەى بایۆمەترییان تەواو نەبووە، مامۆستایانى کەرکوک، مووچەى وەزارەتى کارەبا و پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە کە هەموو ئەو بڕە پارەیە ناگاتە 305 ملیار دینار، بەڵام فشارەکە کەمدەکاتەوە و دەتوانین پاش ئەوە مووچە دابەشبکەین".

ئەوەشى دووپاتکردەوە، بۆ مووچەى مانگى حەوت و هەشت، وەزارەتى دارایى هەرێمی کوردستان بڕى 90 ملیار دینارى بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان لە داهاتی ناوخۆ خەرجکردووە و بۆ مانگى ئەیلولیش 45 ملیار دینارى دیکە خەرج دەکات، کە دەکاتە 135 ملیار دینار و وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا کاری لەسەر هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان نەکردووە.

پارەی مووچەى مانگانەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بڕەکەى 953 ملیار دینارە و پاش هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان گەیشتووەتە 998 ملیار دینار.