ئیسرائیل ناوچەیەکی پیشەسازیی سووریا بۆردووماندەکات

میدیای سووریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیسرائیل شاری پیشەسازیی حەسیەی لە دەوروبەری حومس بۆردوومانکردووە.
ئاژانسی هەواڵی سووریا لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، پاش کاتژمێر یەکی شەوی رابردوو، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بە ئاراستەی باکووری لوبنانەوە دەستپێکردووە و کارگەیەکی کۆکردنەوەی پارچەی ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی پیشەسازی لە حەسیە کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئاژانسەکە ئیسرائیل لەو هێرشەدا پێگەیەکی سەربازیی حکومەتی سوریاشی لە حەما کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناوچەی بەئامانجکراو لە حومس کۆگای چەکی بۆ حیزبوڵا و ئێران لێبووە.
روانگەی سووری پشتڕاستیکردووەتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل ناوچە گوندنشینەکانی باشووری حەماشی گرتووەتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لەناوچە مەززە لە دیمەشق کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت هاوڵاتی سیڤیل کوژران کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
10/10/2024