وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هێرشی کەمەرشکێن و کتوپر دەکەینە سەر ئێران

لە وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی سەرەتای ئەم مانگە کە کردیە سەر چەندین ئامانج لە ئیسرائیل، یواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەڵێنیدا هێرشێکی کەمەرشکێن و کتوپر بکەنە سەر ئێران.
گالانت لە سەردانێکی بۆ یەکەی 9900ـی هەواڵگریی سەربازیی رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران دژومنکارانە بوو، بەڵام زۆر ورد نەبوو.
گوتیشی "هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل کتوپڕ و ورد دەبێت، تێناگەن چۆن و چی روویداوە بەجۆرێک بە چاوی خۆیان ئەنجامەکەشی دەبینن".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە، تەنانەت یەک فڕۆکە. یەک سەربازیش زیانی پێنەگەیشتووە.
ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ماڵپەڕی ئیکسیوسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ کابینەی ئەمنیی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە، بۆ دەنگدان لەسەر کردەوەیەکی سەربازیی گەورە لە دژی ئێران.
10/10/2024