رۆژی جیهانیی دەرووندروستی لە ئەزموونی پزیشکێکی دەروونییەوە
زانكۆ محەمەد 10/10/2024

لە چوارچێوەی ئەو ئەزموونە کەمەی هەمانە لە بواری دەرووندروستی و پزیشکی دەروونی، لەم کورتە نووسینەدا بەکورتی ئاماژە بە چەند بەرەنجامێک دەکەین.
- لە ترسی ئەوەی کەس نەیانبینێت، زۆرێک لە چارەخوازەکان بە ترس و دڵەراوکێوە سەردانی کلینیک دەکەن و هەست بە شەرم و دڵەراوکێ دەکەن! ئەمەش لە ئەنجامی بە نەنگیدانان و عەیبەبوونی سەردانی پزیشکی دەروونییەوە سەرچاوەی گرتووە.
- زۆرێک لە چارەخوازان پاش ماوەیەکی زۆر لە سەردانی چەندین پزیشکی جەستەیی، کاتێک کە چاکنەبوونەوە، درەنگ تێگەیشتوون کە کێشەکەیان دەروونییە. لەوانەیە کێشەی نانخواردن، لاوازیی سێکسی، بێهێزی و چەندین کێشەی دیکە هۆکارەکەیان دەروونی بێت و نەتزانیبێت.
- کێشەیەکی گەورەی چارەخوازان، پابەندنەبوونە بە چارەسەر و رێنماییە پزیشکی و دەروونییەکانەوە. زۆرگرنگە کە چارەخوازەکان بەشدار و هاوکاربن لە پرۆسەی چارەسەریدا.
- هێشتا زۆرێک لە کۆمەڵگە وەکو سەدەکانی رابردوو بڕوایان وایە نەخۆشیی دەروونی هۆکارەکانی بریتینلە بابەتی نادیار و ئەودیو سروشت! ئەمەش ژیانی زۆرێکی بە تەواوی کاولکردووە.
- کۆمەڵگەی ئێمە زۆرینەی چاوەڕوانی کاریگەریی خێرای چارەسەرەکانە. لەکاتێکدا کە دەرمان و چارەسەری دەروونی کاتی پێویستە هەتا سوودەکانی دەربکەون. لەبەرئەوە پێویستە ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە، لە سەرەتای چارەسەرەوە ئارامگر بن، تاوەکو باش دەبنەوە.
- رێژەیەکی زۆر لە منداڵان و نەوجەوانان، بەدەست کێشە و نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن. بە داخەوە زۆرێک لە خانەوادەکان لێیان تێناگەن و دەرئەنجام باری دەروونیان خراپتر دەبێت.
- مامەڵەی خێزان و شێوازی پەروەردە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەرکەوتن و توشبون بە نەخۆشییە دەروونییەکان. جیاوازیکردنی ڕەگەزی، شکاندنەوە، فەرامۆشکردن، لێدان، نازی زۆر و بێسنور، سانسۆری زۆر، دووپەروەردە.. هەموویان بەشێکن لە مامەڵەی هەندێک لە خێزانەکان کە کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر دەرووندروستی.
- پشتیوانی خێزانی و تێگەیشتن لە نەخۆش، لەلایەن بەشێک لە خێزانەکانەوە زۆر هاوکارە بۆ باشبوونەوەی نەخۆشەکان. بەپێچەوانەشەوە نەبوونی پاڵپشتی خێزانی و تێنەگەیشتنی خانەوادە لە چارەخواز، پرۆسەی چارەسەر قورستر دەکات و چاکبوونەوە دوادەخات.
- خوێندنی قۆناغی (12)ی ئامادەیی، یەکێکە لە فشارە بەردەوام و بەهێزەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا. زۆرگرنگە کە خێزان بزانن چۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا دەکەن.
- چارەسەر لەلای کەسانی ناپسۆڕ، کاریگەری گەورەی نەرێنی لەسەر دەرووندروستی چارەخوازان داناوە. بەتایبەت منداڵان کە زۆر کەس بەناوی جیاوازەوە کاریان لەسەر دەکات و ڕێگەی جیاوازیان بۆ دادەنێت. زۆربەشیان نازانستین و دایباب پاش گەورەبوونی منداڵەکەیان تێدەگەن کە چی هەلەیەکیان کردوە.
د. جەعفەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان
زانكۆ محەمەد
10/10/2024