خانمان سەکۆی خەڵاتە موزیکییەکانی "MTV" داگیردەکەن

بۆ ئەمساڵ، مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتە موزیکییەکانی ئێم تی ڤی بۆ ئەوروپا، پڕ دەبێت لە خانمە پاڵێوراوەکان.

بڕیارە رێکەوتی 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، رێوڕەسم و ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتە موزیکییەکانی ئێم تی ڤی بۆ ئەوروپا دابەش بکرێت، کە تێیدا، خانمان بەشێکی زۆری پاڵێوراوانیان پێکهێناوە.

بۆ جارێکی دیکە، خانمە هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکی "تەیلەر سویفت"، دیارترین پاڵێوراوە و لە حەوت پۆلی جیاوازدا کێبڕکێی بردنەوە دەکات، لە دیارترینیان: باشترین نواندنی ئەمریکی، باشترین هونەرمەند، باشترین ڤیدیۆ و باشترین هەماهەنگی.

هەریەک لە خانمە هونەرمەندان؛ رای، سابرینا کارپێنتەر، بیلی ئایڵش و چاپێل رۆوان لە دیارترینەکانی ئەمساڵ دەبن و لە کۆی 11 هونەرمەندی بەناوبانگ کە بۆ زۆرترین خەڵات پاڵێوراون، 10 دانەیان خانمن.