رافائێل نادال وازهێنانی راگەیاند

رافائێل نادال، یەکێک لە ئەفسانەکانی تێنسی سەرزەوی، رێچکەی رۆجێ فێدرەری هاوڕێی گرت و وازهێنانی راگەیاند.
نادال، کە ئەفسانەی مێژوویی تێنسی سەرزەوی و پادشای یاریگە لمینەکانە، ماوەیەکە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی کە گەیشتووەتە 38 ساڵ، توانا ناوازەکەی لەدەستداوە و لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا باس لەوە دەکات، کە دوو ساڵی رابردووی بە سەختی تێپەڕاندووە و هەستدەکات کاتی ماڵئاوایی هاتووە.
واقیعەکە ئەوەیە کە دوو ساڵی ڕابردوو سەخت بوو و نەمتوانی بەبێ کێشە یاری بکەم، بڕیاریارەکەم سەختە و کاتی پێویست بوو، بەڵام لەم ژیانەدا هەموو شتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە، پێموایە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم پیشەیە بهێنم، ماوەیەکی زۆرە ئەم یارییە دەکەم و زۆریش لەوە سەرکەوتووتر بووم کە بیرم لێدەکردەوە.
ماتادۆرەکەی ئیسپانیا لە رێکەوتی 14 بۆ 24ی مانگی تشرینی دووەم بەشداریی جامی دەیڤیز دەکات، لەدوای ئەو پاڵەوانێتییە بەتەواوی لە لاکێشەکانی تێنسی سەرزەوی دووردەکەوێتەوە.
نادال لە کاروانی وەرزشییدا 92 ناسناوی بەدەستهێناوە، کە 22یان لە جۆری "گراند سلام" بوون، لەم ریکۆردەشدا تەنیا و تەنیا نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی پێشیدەکەوێت، کە هێشتا لە یاریکردن بەردەوامە.
ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی ئیسپانیا لە مێژوویدا 1080 یاریی بردووەتەوە، 227 شکستی تۆمارکردووە، پادشای یاریگە لمینەکانە و 63 سەرکەوتنی لەم جۆرە یاریگەیانەدا تۆمارکردووە، کە 14یان لە پاڵەوانێتی رۆلاند گارۆس بووە، دەیەیەک زیاترە لە یاریگەکانی تێنسی سەرزەویدا ژمارە یەکە، بەڵام سێ بۆ چوار وەرزە بەهۆی پێکان و هەلكسانی تەمەنییەوە دەرکەوتنەکانی هاوشێوەی رابردوو ئاگرین نەماون، دوای وازهێنانی رۆجێ فێدرەری سویسریش هەستی بەوەکردووە، کە هاوڕیی تەمەنی نەماوە و چیتر پاڵنەرێکی نییە بۆ بەردەامبوون.
10/10/2024