براوەی نۆبڵی ئەدەبیاتی 2024 کێیە؟

خانمە نووسەری دیاری کۆریای باشوور و جیهان، "هان کانگ" وەکو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی 2024 دەستنیشان کرا.

ئەم خانمە نووسەرە، لە سایەی "داڕشتنەوەیەکی بەهێزی شیعریی کە راستیی ئازارە مێژووییەکان هەڵدەداتەوە و ژیانی ناسکی مرۆڤەکان ئاشکرا دەکات" بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ.

بە گوتەی ئەکادیمیای سویدی؛ کارەکانی کانگ کاریگەریی هەستیارییەکانی ژیانی مرۆڤ دەردەخەن، ئاگاییەکی جوانی هەیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی جەستە و رۆح، ژیان و مردن، شێوازە تاقیکاریی و شیعرییەکەی داهێنەرانەیە لە داڕشتنەوەی هاوچەرخدا.

کانگ ساڵی 1993 وەکو نووسەر دەستبەکار بووە، چەندین شیعری لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی جیهان و کۆمەڵگە ئەدەبییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی کۆمەڵە شیعرییەکە بەناوی "Love of Yeosu" کە یەکێکە لە باشترین و دیارترین کارەکانی، لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا بە رۆمانی "The Vegetarian" ناوبانگی دەرکردووە.

کانگ وێڕای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات، بڕی یەک ملیۆن دۆلاریش وەکو پاداشت وەردەگرێت.