ئەمریکا بە ئامانجگرتنى سیستانى رەتدەکاتەوە

وێنەیەکى عەلى سیستانى رێبەرى باڵاى ئایینى شیعە لە یەکێک لە شەقامەکانى بەغداد. فۆتۆ: AP
وێنەیەکى عەلى سیستانى رێبەرى باڵاى ئایینى شیعە لە یەکێک لە شەقامەکانى بەغداد. فۆتۆ: AP

ئەمریکا بە ئامانجگرتنى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان رەتدەکاتەوە و بە دەنگێکى کاریگەر و یەکلاکەرەوە بۆ بەهێزکردنى ئاشتیى ناوچەکە ناوى دەبات.

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وڵاتەکەى هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعەکانى عێراق رەتدەکاتەوە.

دووپاتیشیکردووەتەوە، سیستانى کەسایەتییەکى دیار و خاوەن رێزێکى گەورەیە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا و ئەمریکا وەکو دەنگێکى کاریگەر و یەکلاکەرەوە لە بەهێزکردنى ئاشتى ناوچەکە لێى دەڕوانێت.

رۆژى سێشەممەى رابردوو، کەناڵێکى ئیسرائیلى وێنەى ئەو کەسایەتییانەى بڵاوکردەوە کە حکومەتى ئیسرائیل بەنیازە بیانکاتە ئامانج، یەکێک لەو کەسایەتییانەش عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعەکانى عێراق، ئەوەش کاردانەوەى فراوانى لە عێراق بەدواى خۆیدا هێناوە و هەر هەوڵێک بۆ کردنە ئامانجى سیستانى لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکۆنە دەکەن.