سوپای ئیسرائیل کوژرانی 3 ئەفسەری لە غەززە راگەیاند

سوپای ئیسرائیل کوژرانی 3 ئەفسەری بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراوە بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی و بۆردوومانی هاوەنەوە، لە ناوچەی 'جبالیا' لە باکووری غەززە راگەیاند.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردوومانی "دێربەلەح" و ناوچەکانی دیکەی باکووری کەرتی غەززە، سوپاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی هێرشێکی وردیان بۆ سەر ئەو چەکدارانە ئەنجامدا، کە لە ناوەندێکدا لە ناوچەی دێربەلەح چالاکیان ئەنجامدەدا.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش رایگەیاند، دەیان کەس لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکانی لە دێربەلەحی تێدا نیشتەجێبوون برینداربوون و گیانلەدەستدان و ژمارەی قوربانییەکانیش لە بەرزبوونەوەدایە.
هاوکات، بە هێرش و بۆردوومانەکانی لوبنان، سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە بەردەوامە.
مانگی سووری فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی پێنجشەممەی سوپای ئیسرائیلەوە، بۆ سەر قوتابخانەی روفایدە 28 کەس کوژراون و 54ـی دیکەش برینداربوون.
11/10/2024