ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکانە

ساڵانە دوو رۆژ تایبەتکراوە بە باڵندە کۆچەرییەکان
ساڵانە دوو رۆژ تایبەتکراوە بە باڵندە کۆچەرییەکان

لقی پرۆگرامی ژینگەیی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵانە دوو رۆژی تایبەتکردووە بە باڵندەکۆچەرییەکان کە ئەمساڵ 11ـی مایس و 12ـی ئۆکتۆبەرن، ساڵانە دووەم شەممەی ئەم دوو مانگە تایبەتن بە باڵندە کۆچەرییەکان.

بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژەکە تایبەتە بە سەرنجخستنەسەر گرنگیی باڵندە کۆچەرییەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی زەوی و هەوڵدان بۆ هاندانی وڵاتان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لە پاراستنی باڵندەکاندا.

کەمپینی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکان سەرنجی لەسەر گرنگیی مێرووەکانە بۆ مانەوەی باڵندەکان، بەو پێیەی ئێستا ژمارەی مێرووەکان کەمیانکردووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی باڵندە کۆچەرییەکانیش هەیە.

مێرووەکان سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەن بۆ زۆرێک لە باڵندە کۆچەرییەکان، باڵندەکان لە وەرزی زاوزێکردن و کۆچە دوورمەوداکانیاندا سوودێکی زۆر لە خواردنی مێرووەکان دەبینن و بوونی مێرووەکان سەرکەوتنی کۆچی باڵندەکان دیاریدەکات.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئێستا بەهۆی زۆربوونی کشتوکاڵ و فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ، ژمارەی مێرووەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە، بەم هۆیەوە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکیی باڵندە کۆچەرییەکان کزبووە و سەرئەنجام بووەتەهۆی کەمبوونەوەی باڵندە کۆچەرییەکان.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی مێرووەکان، بەکارهێنانی قڕکەرە کشتوکاڵییەکانە، لە بەدواداچوونەکانی کەناڵ8ـدا دەرکەوتووە کە لە هەرێمی کوردستان قڕکەرە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو بەکاردەهێنرێن، ئەمە بێجگە لە زیانە تەندروستییەکەی بۆ مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لە مێرووەکان لەناودەبات کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی خۆراکی باڵندە کۆچەرییەکانن.

مێرووەکان دەوڵەمەندن بە پرۆتین، نەخواردنی پرۆتینیش لەلایەن باڵندە کۆچەرییەکانەوە وادەکات سیستمی بەرگرییان لاوازبێت، توانای زاوزێیان کەمببێتەوە و تێکڕای تەمەنییان کەمتربێت.

باڵندە کۆچەرییەکان رۆڵیان لە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەییدا هەیە و هۆکارێکی سروشتیی کۆنترۆڵکردنی مێرووەکانن، هەروەها رۆڵیان لە بڵاوکردنەوەی تۆوی رووەک و درەختەکاندا هەیە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت پێویستە وڵاتان هەنگاوی خێرا بۆ پاراستنی ئەم جۆرە باڵندانە بگرنەبەر، پێویستە دەرمانە کشتوکاڵییەکان کەمتر بەکاربهێنرێن و ئەگەر توانرا کشتوکاڵ بەتەواوی بەبێ ماددە کیمیاییەکان بکرێن، هەروەها دەبێت رووبەرە سروشتییەکانی سەوزایی بپارێزرێن و لەو شوێنانەدا خۆراک و سەلامەتی بۆ باڵندەکان دابینبکرێن.