قەدەغەی وێنەگرتن لەسەر تابلۆیەکى پیکاسۆ هەڵدەگیرێت

مانوێڵ سێگاد، بەڕێوبەری نوێی مۆزەخانەی سۆفیا لە مەدرید، قەدەغەی 30 ساڵە لەسەر وێنەگرتنی تابلۆی گۆرنیکای پیکاسۆ هەڵدەگرێت و بەوپێیەش سەردانیکەرانی مۆزەخانەکە دەتوانن وێنەی تابلۆ دژە جەنگەکەی پیکاسۆ بگرن.

بەپێی زانیاری وێبسایتی مۆزەخانەکە، حکومەتی ئیسپانیا لە ساڵی 1937 تابلۆکەی لە پابلۆ پیکاسۆ وەرگرتووە. بەڵام، کاتێک جەنگی جیهانی دووەم هەڵگیرسا، پیکاسۆ خۆی بڕیاریدا تابلۆکەی لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرک بمێنێتەوە بەو نیازەی تاوەکوو جەنگەکە کۆتایی دێت لەوێ پارێزراو بێت. دواتر، لە ساڵی 1981دا شاکارە هونەرییەکە گەڕێندرایەوە ئیسپانیا و لە گەلەری پرادۆ نمایشکرا تاوەکو ساڵی 1992 کە ئەوکات گواسترایەوە بۆ مۆزەخانەی ڕێنا سۆفیا و لەو کاتەوە بۆ ماوەی 30 ساڵ قەدەغەی وێنەگرتنی تابلۆکە کاری پێکراوە.

گوتەبێژی مۆزەخانەکە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند "لە 1ى ئەیلوولەوە قەدەغەی وێنەگرتنی تابلۆکە هەڵگیراوە و سەردانیکەران دەتوانن وێنەی تابلۆکە بگرن، بەڵام بێ بەکارهێنانی فلاش و سێپێی کامێرا لەگەڵ داری سێڵفی". بەرپرسانی مۆزەخانەکە ڕایانگەیاند، هیواخوازن "هەڵگرتنی قەدەغەکە ببێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کەمتر کات لە ڕوانین بەدیار تابلۆکەوە بەسەرببەن، چونکە وێنەگرتن چەند چرکەیەکی دەوێت و دەتوانن شوێنەکە جێبهێڵن تاوەکو ڕێگە بۆ سەردانکەرانی تر ئاسان بکەن". بەڕێوەبەرە تازەکەی مۆزەخانەکە مانوێڵ سێگاد کە مانگی شەش ئەم بەرپرسیارییەتییەی وەرگرتووە، دەڵێت "دەخوازین، 100% دەستپێگەیشتنی وێنەگرتن فەراهەم بکەین، بەتایبەت بۆ گەنجان کە لەناو شاشەدا دەژین، پێموایە دەبێت گرنگی بە شێوازی مامەڵەکردنی ئەوانیش لەگەڵ واقیع بدەین".

پرسی وێنەگرتن لە مۆزەخانەکان، بەردەوام مشتومڕی ڕەخنەگرانی هونەری بەدوای خۆی هێناوە، ڕەخنەگری هونەری جۆناسان جۆنس ڕەخنە لە بەکارهێنانی کامێرا دەگرێت لە مۆزەخانەی لۆڤەر، ئەم رەخنەگرە تا ڕادەیەک بە بێزارییەوە دەڵێت، "سەردانیکەران بەتاسەوەن مۆنالیزاکەی لیۆناردۆ داڤینچی سناپ بکەن، لەبری ئەوەی لێی بڕوانن. لەبەردەم تابلۆی مۆنالیزادا تیشکی مۆبایل یەک لە دوای یەک دەیداتە سەر ئەم شوشەیەی کە تابلۆکەی تێدا پارێزراوە، لەڕاستیدا نازانم لۆڤەر بۆچی ڕێگە بە شتێکی وەها خراپبەکارهێنانی کامێرا دەدەن".

تابلۆکەی پیکاسۆ دەربارەی ڕووداوی 27ـی نیسانی ساڵی 1937 بوو، واتا ڕووداوی بۆمببارانکردنی شارۆچکەی گۆرنیکا لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیاوە بە فەرمانی هیتلەر بۆ پشتیوانی لە هێزە فاشیستییەکان بە سەرکردایەتیی جەنەڕاڵ فرانسیسکۆ فرانکۆ دژ بە دەوڵەتی کۆماریخوازی دیموکراتی ئیسپانیا. پابلۆ پیکاسۆ، لە ساڵی 1937دا ناڕەزایی و توڕەیی خۆی دژ بە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، لە تابلۆیەکدا بەناوی گۆرنیکاوە ناوناوە کە هەمان ڕوداوی بۆمبارانکردنی شارۆچکەکەی لە ڕێگای تابلۆیەکی تەواو هونەرییەوە تۆمارکردووە.