فێرناندۆ بۆتێرۆ لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات
ڕۆژی 15ـی ئەیلول، فێرناندۆ بۆتێرۆ، نیگارکێش و پەیکەرتاشی کۆڵۆمبی و یەکێک لەبەناوبانگترین هونەرمەندەکانی سەردەم، لەتەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. شێوازی هونەری بۆتێرۆ زیاتر بەزیادەڕەوی لەقەبارە و دروستکردنی فیگەر و ئاژەڵی گەورەتر لەقەبارەی ئاسایی خۆیان، دەناسرایەوە.
بۆتێرۆ لەساڵی 1932لە شاری مێدێلین – دووەم گەورەترین شاری کۆڵۆمبیا- لەدایکبووە و لەساڵی 1962، دوای ئەوەی پێشانگەیەک لەناوەندی هونەری میلواکی لەویلایەتی ویسکۆنسنی ئەمریکا نمایشکرا، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی سەرنجی ئەرێنی ڕەخنەگرانی هونەری. ئەم داهێنەرە هونەرییە، بەخێرایی دەستیکرد بە گەشتکردن بەهەموو ئەوروپا و ئەمریکادا بۆ ئەوەی شێوازی هونەری خۆی بدۆزێتەوە. لەبۆگۆتا بۆ نیویۆرک، پاریس، میلان و لەکۆتاییدا لەشارۆچکەی پیتراسانتا لەئیتاڵیا نیشتەجێ بوو.
ئەم ڕێبازە ناوازە هونەرییەی بۆتێرۆ زۆرجار گاڵتە و پێکەنینی دەخستە ناو بەرهەمەکانییەوە. ڕەنگە یەکێک لەبەناوبانگترین بەرهەمە هونەرییەکانی، کێشانەوەی مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤینچی بێت بەڕووخسارێکی گەورە و گووپنەوە. هەروەها، یەکێک لەکارە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم هونەرمەندە کۆڵۆمبییە، زنجیرەیەک وێنەی گەورە بوو کە ئەشکەنجەدانی زیندانییانی گرتووخانەی ئەبوغرێب لەعێراق لەلایەن کارمەندانی سوپای ئەمریکاوە نیشاندەدات. ئەم تابلۆیانە لەساڵی 2005 نمایشکران و لەو کاتەدا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەتا لەنزیک کۆشکی سپی لەواشنتن نمایشکران.

هونەری فێرناندۆ بۆتێرۆ، زمان و جوگرافیای تێپەڕاند، لەڕێگەی هونەرەکەیەوە پێکەنین و بیرکردنەوە و سەرسوڕمانی دەخستە ناو دەروون و بیری ئەوانەی تێکەڵ بە هونەرەکەی دەبوون. میراتی ئەم هونەرمەندە لەدەرەوەی کانڤاس درێژدەبێتەوە، بەو پێیەی بەهرەکەی بەکارهێناوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرسە گرنگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. زۆرجار بەرهەمەکانی وەک ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگا بوون، ئاڵنگاریی بینەرانیان دەکرد کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی بارودۆخ و هەلومەرجی ژیانی مرۆڤ ببنەوە.
بۆتێرۆ، بەدرێژایی ژیانی پیشەیی هونەری خۆی، ستۆدیۆی لەشارە جیاوازەکانی جیهاندا هەبووە، لەوانە پاریس، نیویۆرک، مەکسیکۆ، هەروەها لەکۆڵۆمبیا و ئیتاڵیاش. داواکاری زۆر لەسەر کارە هونەرییەکانی هەبوو، هەندێ لەکارە هونەرییەکانی نرخیان بە زیاتر لەدوو ملیۆن دۆلار فرۆشراوون. دوای خۆی، فێرناندۆ بۆتێرۆ، میراتێکی دەوڵەمەند و نایابی جێهێشتووە، شێوازە هونەرییە ناوازەکەی ئاڵنگاریی ڕێسا قبوڵکرا و نەریتییەکانی دەکرد، هونەرەکەی دەبووە وروژاندنی بیرکردنەوە و بینەرانی لەسەرانسەری جیهان دڵخۆش دەکرد. بەمشێوەیە، بۆتێرۆ پێگەی خۆی وەک یەکێک لەگەورەترین هونەرمەندەکانی کۆڵۆمبی لەمێژوودا چەسپاند.
شارۆچکەی زێدی خۆی، مێدێلین، هەفتەیەک ماتەمینی وەک ڕێزلێنانێک ڕاگەیاندووە، بە داننان بە بەشدارییە بێئەندازەییەکەی لەجیهانی هونەردا.
16/09/2023