بایدن: کوژرانى یەحیا سنوار دەرفەتێکە بۆ راگەیاندنى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست

سەرۆک و سەرکردەى چوار وڵات لە بەرلین، داوایانکرد، دواى کوشتنى یەحیا سنوار، کۆتایی بە شەڕ لە غەززە بهێنرێت.
بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە تایبەت لە دواى کوژرانى یەحیا سنوار، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیی بزووتنەوەى حەماس، جۆبایدن، سەرۆکى ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکارى ئەڵمانیا، لە بەرلین کۆبوونەوە.
جۆبایدن لەوتەیەکدا رایگەیاند، کوژرانى یەحیا سنوار دەرفەتێکە بۆ راگەیاندنى ئاشتییەکى هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و داهاتوویەکى باشتر بۆ غەززە بەبێ حەماس.
هەروەها ئۆلاف شۆڵز، راوێژکارى ئەڵمانیا، هیوایخواست کوژرانى سنوار بوار بڕەخسێنێت بۆ راگرتنى شەڕ لە غەززە و گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئازادکردنى بارمتە ئیسرائیلییەکان.
حکومەتى ئەڵمانیاش، دواى کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، هەر چوار سەرکردەکە جەختیان کردووەتەوە لە پێویستى کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و ئازادکردنى بارمتە ئیسرائیلییەکان و گەرەنتى گەیشتنى هاوکاریى مرۆیی بە هاوڵاتییانى غەززە. بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، سەرکردەى هەرچوار وڵاتەکە، تاوتوێى رەوشى لوبنانیان کردووە و سەرکۆنەى هێرشە مووشەکییەکەى ئێرانیشیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.
19/10/2024