نرخی زێر بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

فۆتۆ: حەمە سوور
فۆتۆ: حەمە سوور

بەردەوامیی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بوونە هۆی ئەوەی زێڕ ئاستێکی نوێ تۆمار بکات.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتووەتە دوو هەزار و 716 دۆلار، ئەمەش زیادبوونی 25 دۆلار لە 24 کاتژمێر، لە هەفتەیەکدا 109 دۆلار و 134 دۆلارە لە مانگێکدا.

لەسەر ئاستی ساڵانە لە 2023 تاوەکو 2024 . 798 دۆلاری چووەتە سەر، بەڵام لەماوەی 10 ساڵدا بڕی 2014 - 2024 تەنیا یەک هەزار و 486 دۆلار چووەتە سەر نرخی هەر ئۆنسەیەک.

هەفتەی رابردوو، ناوەندی سەربەخۆی کانزا بەنرخەکانی جیهان (lbma) لە کۆبوونەوەی خۆیاندا لە لەندەن پێشبینییانکرد تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوو، نرخی کانزا زەردەکە بۆ هەر ئۆنسەیەک بگاتە دوو هەزار و 917 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو بۆ 45 دۆلار بەرزببێتەوە.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی زێر لە بەرزترین ئاستدایە و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 682 هەزار دینار و عەیارە 21 بە 597 هەزار دینار و عەیارە 18 بە 510 هەزار دینارە.