یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە21 گەیشتە 601 هەزار دینار

زێڕنگەرێک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8
زێڕنگەرێک لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

نرخی زێر بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە دوو هەزار و 735 دۆلار و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە21 گەیشتە 601 هەزار دینار.

لە 10 مانگی ئەمساڵدا تاوەکو ئێستا نرخی کانزا زەردەکە  زیاتر لە 10 جار ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە و ئێستا زێر لە بەرزترین ئاستی لوتکەکەیدایە.

چەندین هۆکار لەپشت بەرزبوونەوەی بەردەوامیی زێڕەوەن لەوانە بەردەوامیی گرژییەکانی رۆژهەڵاتیی ناوەڕاست و نزیکبوونەوە لە وادەی کەمکردنەوەی رێژەی سودیی بانکی لە ئەمریکا.

هەروەها کەمبوونەوەی کانەکانی زێڕ و زیادبوونی تێچووی دەرهێنانی زێڕ هۆکاری دیکەن بۆ بەردەوامیی بەرزبوونەوەکەی، بەجۆرێک ماوەی دوو ساڵە هیچ کانێکی نوێی زێڕ نەدۆزراوەتەوە، بەگشتیش تاوەکو ئێستا 70٪ی زێڕی سەر زەویی دەرهاتووە و 30٪ی ماوەتەوە، کە بەشێکی زۆریی لە نێو دەریا و زەریاکاندایە، کە دەرهێنانی تێچووییەکی زۆری پێویستە.

هەر مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان لە جۆری عەیارە 24  بە 686 هەزار دینارە، یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بە 601 هەزار دینارە، هاوکات یەک مسقاڵ زێڕی 18ـش بە 516 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.