تابلۆیەکى بەناوبانگی پیکاسۆ لە دوبەی دەخرێتە زیادكردنەوە
بۆ یەکەمجار، تابلۆی "Femme a la Montre" "ژنی کاتژمێر لەدەست" کە بەشاکاری نیگارکێشی ئیسپانی، پابلۆ پیکاسۆ دادەنرێت، لەشاری دوبەى دەخرێتە زیادکردنى ئاشکراوە.
نرخی تابلۆی "ژنی کاتژمێر لەدەست"، لەسەرووى 120 ملیۆن دۆلارەوەیە، مانگى 11ی ئەمساڵ، لەلایەن "خانەی هونەرەجوانەکانی سۆتێبی نیویۆرک"، لەدوبەی دەخرێتە زیادكردنەوە.
خانە هونەرییەکە، رایگەیاند : " تابلۆی "ژنی کاتژمێر لەدەست" لەلای "ئیمیڵی فیشەر لاندۆ" بووە، کە ژنێکی خەڵكی نیویۆرکە و كاری خێرخوازی كردووە و کۆکەرەوەی شاکارى هونەری بووە، لەمانگی ئاداری 2023 لەتەمەنی 102 ساڵیدا کۆچیدواییکرد.
خانەی هونەرەجوانەکانی سۆتێبی نیویۆرک، ئاماژە بەوە دەكات: "خاتوو فیشەر، هەر لەسەرەتاکانی دەستپێکردن بەکۆکردنەوەی تابلۆ هونەرییەكان، ئەم تابلۆیەی پیکاسۆی لەساڵی 1932کڕیوەتەوە و بۆ پێنج دەیە وەکو گرنگترین کۆکراوە هونەرییەکانی لەماڵەکەی خۆی لەشاری نیویۆرک هەڵیواسیوە.
ژنی ناو تابلۆکەی پیكاسۆش، ماری تێرێس واڵتەر بوو كە ئیلهامبەخشی هونەریی و تابلۆ پۆرترێتەکانی ئەو هونەرمەندە ئیسپانییە بووە.
تەمەنی تابلۆکە بۆ ساڵی 1932دەگەڕێتەوە، کارە هونەرییەکە ئەوەندە بەبایەخە لەساڵی 2018دا، تەواوی مۆزەخانەی "تات مۆدێرن" تەنیا بۆ پیشاندانی تەرخانکرا.
لە25 بۆ 26ی ئەیلوول، لەلقی دوبەی سۆتێبی پشاندراو کڕیاران چاویان بە شاکارەکە کەوت. تابلۆکە، بەر لەوەی بگوازرێتەوە بۆ دوبەی، لەچەند شارێکی ئەمریکا نمایشدەکرێت، دواتر لەتشرینی دووەمدا دەخرێتە زیادکردنى ئاشکراوە.
25/09/2023