هونەرمەندێکى دانیمارکى بە دوو کانڤاسی بەتاڵ 72 هەزار دۆلارى دەستکەوت

دادگای دانیمارک بڕیاریدا، جێنس هانینگ، هونەرمەندی دانیمارکی (58 ساڵ)، بە بڕی 72 هەزار دۆلار "مۆزەخانەی کۆنستن" قەرەبوو بکاتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021ـدا کانڤاسی بەتاڵی وەک کارێکی هونەری ناردووە بۆ مۆزەخانەکە.

جێنس هانینگ، هونەرمەندێکی هونەری "چەمکی" بەناوبانگە و بەکارکردن لەسەر دەسەڵات و نایەکسانی ناسراوە، لە ساڵی 2021 لەلایەن "مۆزەخانەی هونەری کۆنستنی مۆدێرن" لە شاری ئالبۆرگ لە باکووری دانیمارک ڕاسپێردرا بۆ دووبارە دروستکردنەوەی دوو بەرهەمی پێشووتری کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی پارەی کاغەزەوە هێمای داهاتی مامناوەندی نواندووەتەوە.

لە ساڵی 2007 جێنس هانینگ، پارچەیەکی هونەری بە ناونیشانی "تێکڕای داهاتی ساڵانەی دانیمارکی" بەرهەمهێنا، کە تێیدا دراوی کرۆنی دانیمارکی لە چوارچێوەیەکدا بە کانڤاسێکەوە لکێنرابوو پشان دەدا.

هەروەها لە ساڵی 2011ـدا بەرهەمێکی دیکەی بەرهەمهێنا کە پەیوەست بوو بە داهاتی نەمسا، لەم کارە هونەرییەیدا یۆرۆی بەکارهێنا.

مۆزەخانەکە نزیکەی 532 هەزار کرۆنی (72 هەزار دۆلار)ی لە داهاتی یەدەگی تەرخانکردبوو بۆ دووبارە دروستکردنەوەی کارە هونەرییەکان، ئەمە جگە لە پارەی هونەرمەندەکە کە نزیکەی ٤٠ هەزار کرۆن بووە. بەڵام دوای ئەوەی مۆزەخانەکە، کارە هونەرییەکانی پێدەگات، کارمەندانەکانی مۆزەخانەکە تەنیا دوو چوارچێوەی بەتاڵ دەبینن کە ناونیشانی "پارەکە وەربگرە و ڕابکە"ـی لەسەر بووە.

دوای ئەوەی مۆزەخانەکە کارە هونەرییە نوێیەکانی نمایشکرد و جێنس هانینگ ڕەتیکردەوە ئەو پارەیەی کە پێیدرابوو بگەڕێنێتەوە، مۆزەخانەکە پەنای بۆ ڕێکاری یاسایی برد.

پاشان، دادگایەک لە شاری کۆپنهاگن بڕیاریدا کە هونەرمەندەکە دەبێت ئەو پارەیەی کە پێیدرابوو بگەڕێنێتەوە و لە هەمان کاتدا مەرجی ئەوەی دابوو کە دەبێت بڕی پارەی کارکردنی خۆی وەربگرێت.

لەو کاتەدا لاسێ ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کۆنستن، دەڵێت، "ئێمە مۆزەخانەیەکی دەوڵەمەند نین. ... دەبێت بە وردی بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن پارەکانمان خەرج دەکەین، بێگومان ناتوانین زیاتر لەوەی لە تواناماندایە خەرج بکەین."

هانینگ، هۆی کارەکەی بۆ خراپی دۆخ و هەلومەرجی کارکردن گەڕاندەوە و باوەڕی وایە کە پیشەگەر دەبێت هاوشێوەی دۆخی کارەکەی ئیش بکات، هەروەها گوتی، "کارەکە ئەوەیە کە پارەکەیانم بردووە. ئەوە دزی نییە. پێشێلکردنی گرێبەستە، پێشێلکردنی گرێبەستیش بەشێکە لە کارەکە. من هانی کەسانی دیکە دەدەم کە بارودۆخی کارکردنیان وەک من ناخۆشە، هەمان شت بکەن. ئەگەر کارێکی ناخۆش بکەیت و پارەت پێنەدرێت، ئەوا ئەوەی لە تواناتدایە بیبە و بۆی دەرچوو".