چین و ئێران و میانمار خراپترین ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان هەیە

رێکخراوی فریدەم هاوسیی ئەمریکا، لە راپۆرتێکیدا ئاستی ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی لە نزیکەی 72 وڵاتی جیهاندا بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی ریزبەندییەکە، وڵاتانی چین و میانمار خراپترین ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان هەیە و ئایسەلنداش پلەی یەکەمی ئازادترین وڵاتی بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت وەرگرتووە.

ریزبەندییەکەی فریدەم هاوس دابەشکراوە بۆ سێ جۆر، ئەوانیش: ئازاد و ئازادی رێژەیی و نائازاد، وڵاتی ئایسلەندا، ئیستۆنیا و ئوسترالیا لە ریزبەندی یەکەمەکاندان بۆ ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت، وڵاتانی چین، ئێران و میانماریش خراپترینن، هاوکات هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی لە ریزبەندی ئازادەکاندا تۆمارنەکراوە.

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە ئازادی بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراق پاشەکشەی کردووە و رۆژنامەوانان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیانەوە، رووبەڕووی توندوتیژی و تەنانەت تیرۆرکردنیش بوونەتەوە.

رێکخراوی فریدەم هاوس، هەریەکە لە وڵاتەکانی عێراق، لوبنان، تونس، مەغریب، ئوردن و لیبیای بە ئازادی رێژەیی ریزبەندکردووە، هەروەها سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، میسر و سودانی بە وڵاتانی نائازاد بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنیت ریزبەندکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی فریدەم هاوس، نزیکەی 41 دەوڵەت، ماڵپەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان قەدەغەکردووە، لە 25 دەوڵەتیش حکومەت کۆتوبەندی توندی داناوە بۆ گەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئەو وڵاتانەی کە راپۆرتەکە گرتوونیەتەوە، کەسانی ناویان بەهۆی بڵاوکردنەوەی بۆچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانیانەوە لە ئینتەرنێت، رووبەڕووی دەستگیرکردن بوونەتەوە.