کڵاوەکەى مایکڵ جاکسۆن دەخرێتە زیادكردنەوە
دواى زیاتر لە 40 ساڵ، ئەو کڵاوەى مایکڵ جاکسۆن، هەڵیدایە ناو هەوادارەکانییەوە، لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا دەخرێتە زیادكردنەوە.
زیادكردنەكە لە هۆتێل درۆوت لەشاری پاریس لە 26ـی ئەیلوول ئەنجامدەدرێت، پێشبینیدەکرێت نرخی ئەو کڵاوە رەشەى لە جۆری (فیدۆرا)یە، لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار یۆرۆ بێت.
هەرچەندە ئەم کڵاوە لەناو نزیکەی 200 کەرەستەی یادگارییەکانی ئەستێرەکەی پۆپدایە، بەڵام رێکخەری "گەلەری ئارتپێگس" ئارسەر پێرۆڵت، دانی بەوەدانا، لەم دواییانەدا بەهای شتومەکی مایکڵ جاکسۆن، دابەزیوە بەهۆی "فرۆشتنی شمەکی ساختە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی جاکسۆن کرابوون".
لە رابردوودا، جاکسۆن بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان تۆمەتبارکرابوو و تا ئێستاش ئەم تۆمەتانە نەرەویونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، گۆرانیبێژەکە تا مردنی لە ساڵی 2009 لە تەمەنی 50 ساڵیدا، ئەو تۆمەتانەى رەتکردبوونەوە.
پاشای پۆپ لە لوتکەی ناوبانگیدا و لەکاتی پێشکەشکردنی گۆرانییە بەناوبانگەکەی بەناوی "بیلی جین" لەساڵی 1983، لە کۆنسێرتێکی تەلەفزیۆنی مۆتاونی، کڵاوەکەی هەڵدایە ناو جەماوەرەکەیەوە و ئەمەش بوو بە نەریتی مایکڵ جاکسۆن و لە کۆنسێرتەکانیدا کڵاوەکەى سەرى بۆ هاندەرانى هەڵدەدا.
دوای هەڵدانى کڵاوەکە، مایکڵ جاکسۆن، سەما بەناوبانگەکەی خۆی "سەرمانگ رۆیشتن" پێشکەش کردوو، بۆ دواوە دەرۆیشت، بەڵام بەرواڵەت وا دەرکەوت کە بەرەو پێشەوە دەڕوات.
پێرۆڵت دەڵێت، لەکاتی نمایشەکەدا و هەڵدانى کڵاوەکە، پیاوێک بەناوی "ئادەم کێلی" کڵاوەکەی جاکسۆن هەڵدەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەلاى دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر دەیفرۆشێت و دەستاودەست دەکات، تاوەکو ئێستا دەگاتە پاریس بۆ فرۆشتن.
بەڕێوەبەری گالەرییەکە گوتیشی :"من هیواخوازم ئەم یادگارییەی مایکڵ لە فەرەنسا بمێنێتەوە، چونکە بەشێکە لە میراتی هەموو خۆشەویستانی موزیک و گوێگرانی جاکسۆن".
مایکڵ جۆزیف جاکسۆن لە 28ـى ئابی ساڵی 1958 لە ئاندیاناى ئەمریکا لەدایکبووە، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ و سەماکار و شاعیر و دەرهێنەری گۆرانی ئەمریکی بوو. لەناو هەوادارەکانی، بە پادشای پۆپ ناسرابوو.
لە 25ـی حوزەیرانی 2009 و لە تەمەنى 50 ساڵیدا، لە کالیفۆڕنیاى ئەمریکا گیانیلەدەستدا.
30/09/2023