عێراق لە مانگى ئەیلولدا 99 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە

کێڵگەى نەوتى نەهران بن عومەر لەنزیک پارێزگاى بەسرە. فۆتۆ: AP
کێڵگەى نەوتى نەهران بن عومەر لەنزیک پارێزگاى بەسرە. فۆتۆ: AP

وەزارەتی نەوتى عێراق هەناردەی نەوتی خاوى بۆ مانگی ئەیلولی رابردوو راگەیاند، کە زیاتر لە 99 ملیۆن بەرمیل بووە.

وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەى خستووەتەڕوو، بەگوێرەى ئاماری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی سۆمۆ، کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولی رابردوو، گەیشتووەتە 99 ملیۆن و 311 هەزار و 107 بەرمیل.

ئاماژە بەوەش کراوە، کۆی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ئەیلول لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 99 ملیۆن و چوار هەزار و 320 بەرمیل بووە، هاوکات هەناردەکردنی نەوتى خاو بۆ ئوردن 306 هەزار و 787 بەرمیل بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتى نەوتى عێراق لە 27ـى ئابى ئەمساڵ بەرهەمهێنانى نەوتى لە چوارچێوەى وڵاتانى هەناردەکارى ئۆپیک بۆ سێ ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل کەمکردەوە، لەکاتێکدا پێشتر نزیکەى چوار ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووە.

هاوکات، لەسەر داواى وەزارەتى نەوتى عێراق، بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە 286 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 140 هەزار نەوتى رۆژانە کەمکرایەوە.