سێ رۆژنامەوان لە باشووری رۆژهەڵاتی لوبنان کوژران

هێرشى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتى پایتەختى لوبنان. فۆتۆ: AFP
هێرشى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتى پایتەختى لوبنان. فۆتۆ: AFP

لە هێرشێکی ئاسمانی شەوی رابردووی ئيسرائيلدا بۆسەر باشووری رۆژهەڵاتی لوبنان لە نزيک سنوورەکانی سوريا، سێ رۆژنامەوان کوژراون.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، "لە هێرشێکی درەنگانی شەوی رابردووی ئيسرائيلدا بۆسەر ناوچەی حاسبييە کە شوێنی نيشتەجێبوونە لە باشووری رۆژهەڵاتی لوبنان، سێ رۆژنامەوان کوژراون".

ئاژانسی هەواڵی لوبنانی راشيگەياندووە، هێرشەکە بۆ سەر ناوچەی 'شوەيفات العمروسييە' بووە، بووەتە هۆی وێرانبوونی دوو باڵەخانە و هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی لەسەر سنووری لوبنان و سووریا هێرشەکەیان ئەنجامداوە".

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، لۆید ئۆستن، وەزيری بەرگری ئەمريکا چەندین جار نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەى هێرش بۆسەر هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان دەربڕیوە.

دوایین ئاگادارکردنەوەی ئۆستن رۆژی چوارشەممە بوو، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی هێزە چەکدارەکانی لوبنان.