سێنتکۆم: دوو سەربازى ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ئەنبار برینداربوون

فەرماندەیی ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکا ناسراو بە " سێنتکۆم" لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوو سەربازى وڵاتەکەى لە میانى بەشداریکردنیان لە ئۆپراسیۆنێکى هێزەکانى عێراق بۆ سەر چەکدارانى داعش لە ئەنبار برینداربوون.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، رۆژى 22ـی تشرینى یەکەم، سوپاى عێراق بە پشتیوانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى ژمارەیەک هێرشى ئاسمانیی کردووەتە سەر چەند مۆڵگەیەکى داعش لە ناوەڕاستى عێراق و لە ئەنجامدا لانى کەم حەوت چەکدار کوژراون.
راشیگەیاندووە، لە میانى ئۆپراسیۆنەکەدا و لەکاتى هاوکاریکردنى هێزەکانى عێراق دوو سەربازى ئەمریکا برینداربوون.
لایخۆشییەوە، سابرینا سینگ، جێگرى سکرتێرى رۆژنامەوانى پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا برینداربوونى دوو سەربازى وڵاتەکەى پشتراستکردووە و رایگەیاند، هەڵسەنگاندنەکان بۆ ئەنجامى ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامە.
25/10/2024